بە ڤیدیۆ.. کاردانەوەی یاریزانان و راهێنەری بارسێلۆنا دوای بەدەستهێنانی نازناوی لالیگا

ڤالڤێردی: وەرزی داهاتوو بۆ بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ یاریی دەکەین
kurdistan24.net

لیۆنێل مێسی بە تۆمارکردنی هاتریکەکەی ژمارەی گۆڵەکانی لە سەرجەم ئاستەکان لەگەڵ سەرجەم یانە و هەڵبژاردەکانی کاروانی وەرزشی خۆی گەیاندە هەزار گۆڵ و بەبۆنەی بەدەستهێنانی نازناوی لالیگا رایگەیاند، بەدەستهێنانی ئەم نازناوە تایبەتە چونکە بەبێ دۆڕان نازناوەکەمان یەکلاکردەوە.

لیۆنێل مێسی، هێرشبەری بارسێلۆنای ئیسپانی:

'من زۆر دڵخۆشم بە بەدەستهێننای ئەم نازناوە، بە درێژایی ئەم وەرزە رووبەڕووی سەختییەکی زۆر بووینەوە و زەحمەتی زۆرمان بینی تاکو توانیمان نازناوەکە یەکلا بکەینەوە، بەڵام نازناوی ئەم وەرزەی لالیگا تایبەتە چونکە بەسەر سەرجەم رکابەرەکانمان سەرکەوتین و بێ ئەوەی تووشی هیچ شکستێک بین بووینە پاڵەوان، پێموایە ئەمەش کارێکی سەختە بۆیە شایستەی ئەوەیە دڵخۆش بین و ئاهەنگ بگێڕین.
ئێمە لەم وەرزە تووشی دۆڕانی زۆر نەبووین، تەنیا لە جامی شای ئیسپانیا یارییەکمان دۆڕان و لە چامپیۆنزلیگ لە بەدبەختیمان دۆڕاین و کراینە دەرەوە.
پێموایە بەدەستهێنانی ئەم نازناوە بۆ هەموون جێگای شانازییە، چونکە بێ دۆڕان بەدەستمان هێنا.
'دڵتەنگم بەوەی ئینیێستا ماڵئاواییمان لێ دەکات، بەڵام هیوادارم بە شێوازێکی تایبەت و سەرنجڕاکێش ماڵئوایی لێبکرێت و بەدەستهێنانی دووانەش بۆ ماڵئاوایی کردن لە ئینیێستا خراپ نییە و هیوای بەختێکی باشی بۆ دەخوازم لە داهاتوو.

 

ئاندرێس ئینیێستا، ناوەڕاستکاری بارسێلۆنا:
من زۆر دڵخۆشم بەدەستهێنانی نازناوی لالیگا و دووانەی جام و خول لەم وەرزەدا، یەکلاکردنەوەی ئەم نازناوە هەروا ئاسان نەبوو، بەڵکو ماندوبوونی زۆری ویست، نازناوی ئەم وەرزەی لالیگا بۆ من تایبەتترین نازناو بوو لە کاروانی وەرزشیمدا، بارسێلۆنا لەم وەرزەی لالیگا شایستەی نمرەی دە لەسەر دەیە، هیوادارم بۆ وەرزی داهاتووش ئەو کەموکوڕیانە چارەسەر بکرێت کە لەم وەرزە پێیدا تێپەڕین.
من لەم چەند رۆژەدا بە کاتێکی تایبەت تێدەپەڕم و سووپاسی هەموو ئەوانە دەکەم کە لەم رۆژانەدا خۆشەویستی خۆیان بۆم دەردەبڕن، زۆر سەرسام بووم بەو پێشوازی و رێزەی لە ریازۆر لێمکرا.
بڕیاری رۆیشتنم لە بارسێلۆنا بڕیارێکی زۆر راشکاوانەیە، حەزم دەکرد لە بارسێلۆنا کۆتایی بە ژیانی وەرزشیم بهێنم، بەڵام بەمشێوەیە بۆ هەمووان باشترە و بڕیاری خۆم داوە.
ریال مەدرید ئازادە لەوەی رێڕەوی رێزلێنان دروست بکات یان نا، هەموو کەسێک رای تایبەت بە خۆی هەیە و پێویستە رێزی لێبگرین، بەڵام من نامەوێت ریال مەدرید رێڕەوی رێزلێنان بەتایبەتی بۆ من دروست بکەن.

ئێرنێستۆ ڤالڤێردی، راهێنەری بارسێلۆنا:
ئێمە شایستەی ئەم نازناوە بووین، ئێمە بە وەرزێکی دوور و درێژدا تێپەڕین، لە مانگی ئابەوە دەستمان پێکرد تاکو گەیشتینە ئەمڕۆ، ئێمە سەختییەکی زۆرمان بینی، بەڵام ئێستا کاتی ئاهەنگگێڕانە و پێموایە باشترین یانە بووین لەم وەرزەی لالیگا و تووشی هیچ دۆڕانێک نەبووین، بەڵام هەمیشە بەدەستهێنانی بردنەوە زەحمەت نییە، بەڵکو بەردەوام بوون لەسەر بردنەوە زەحمەتە،
شکستەکەمان بەرامبەر رۆما چاوەڕواننەکراو بوو، بەڵام لە لالیگا و جامی شای ئیسپانیا وەرزێکی نموونەییمان بەڕێکرد.
زۆر گرنگ دەبێت بێ دۆڕان نازناوی لالیگا بەدەست بهێنین، بەڵام ئەمە لەم سەردەمەدا سەختە، گرنگ ئەوەیە ئێمە لەسەر سەرکەوتن ماندوو نەبین. بەدەستهێنانی یەکەم نازناوی لالیگا بۆ من زۆر تایبەتە و ئامانجی وەرزی داهاتوومان پارێزگاریکردن لە نازناوەکان و بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگە.