ئه‌گه‌ر كریستیانۆ بۆ مانچێسته‌ر یونایتد بگه‌ڕێته‌وه پێشبینی 10 رووداو ده‌كرێت
زۆرینه‌ی میدیاكانی ئه‌ورووپا كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه كریستیانۆ به‌هۆی تۆمه‌تباركرانی به نه‌دانی باج له ریال مه‌درید ده‌ڕوات و ماڵئاوایی له ئیسپانیا ده‌كات، سه‌رچاوه‌یه‌كی راگه‌یاندنی بریتانیاش گه‌ڕانه‌وه‌ی كریستیانۆ بۆ مانچێسته‌ر یونایتد به نزیكترین بژارده ده‌زانێت، ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات ئه‌گه‌ر چوونی كریستیانۆ بۆ مانچێسته‌ر یونایتد سه‌ربگرێت، پێشبینی 10 رووداو ده‌كرێت.
1ـ ترس له‌وه هه‌یه كه كریستیانۆ به گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ مانچێسته‌ر یونایتد كێشه و ناكۆكییه‌كانی له‌گه‌ڵ خۆزێ مۆرینهۆ ده‌ست پێبكاته‌وه، وه‌ك چۆن له نێوان ساڵانی 2010 تا 2013 له ریال مه‌درید سه‌ره‌تایه‌كی باشی ده‌ست پێكرد، به‌ڵام دواتر نێوانیان به‌ره‌و ئاڵۆزی چوو و به‌رده‌وام میدیاكان كێشه و ناكۆكی ئه‌و دووانه‌یان ده‌كرده بابه‌تی گه‌رمی ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانیان.
2ـ به گه‌ڕانه‌وه‌ی كریستیانۆ، سێر ئه‌لێكس فێرگسۆن ده‌ست ده‌خاته‌وه نێو كاروباری یانه‌كه كه له 2013ـه‌وه وازی هێناوه، به‌وپێیه‌ی فێرگسۆن پێشتر كریستیانۆی بۆ مانچێسته‌ر یونایتد گواسته‌وه و له‌سه‌رده‌می ئه‌ویش، كریس خه‌ڵاتی باڵۆن دۆری برده‌وه.
3ـ به گه‌ڕانه‌وه‌ی كریستیانۆ بۆ ئۆڵد ترافۆرد، راسته‌وخۆ زڵ‌اتان ئیبراهیمۆڤیچ له بیری هانده‌رانی شه‌یتانه سووره‌كان ده‌سرێته‌وه، چونكه ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌وره‌تر شوێنی ده‌گرێته‌وه.
4ـ ئه‌گه‌ر كریستیانۆ بۆ مانچێسته‌ر بگوازرێته‌وه، خه‌ونی ئانتوان گریزمان به یاریكردنی له مان یونایتد بۆ كاتێكی دوور و درێژتر دواده‌خرێت.
5ـ كریستیانۆ به گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ مان یونایتد درێسی ژماره (7) ده‌پۆشێته‌وه، له دوای رۆیشتنی بێكهام چه‌ندان یاریزان له پۆشینی ئه‌م ژماره شكستیان هێنا كه پێكهاتوون له (مایكل ئۆین، ئه‌نخیل دی ماریا و مێمفیس دیپای).
6ـ به گه‌ڕانه‌وه‌ی كریستیانۆ بۆ ئۆڵد ترافۆرد، ره‌نگه واین روونی له بیرۆكه‌ی رۆیشتنی له مانچێسته‌ر یونایتد په‌شیمان بێته‌وه و هه‌مان په‌یوه‌ندی له نێو یاریگه له‌گه‌ڵ كریستیانۆ دروست بكاته‌وه كه پێش 2009 به‌یه‌كه‌وه دووانه‌یه‌كی تۆقێنه‌ریان پێكهێنا بوو.
7ـ ره‌نگه مێسی به نه‌مانی كریستیانۆ له ریال مه‌درید دڵخۆش بێت و ژماره‌ی گۆڵه‌كانی ئه‌ستێره پورتوگالییه‌كه‌ش له چامپیۆنزلیگ به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه بچێت.
8ـ پێشبینی ده‌كرێت به چوونی كریستیانۆ بۆ مانچێسته‌ر یونایتد، هانده‌رانی مانچێسته‌ر سیتیش بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هاوشارهكهیان داوای كڕینی لیۆنێل مێسی بكه‌ن.
9ـ ره‌نگه به گواستنه‌وه‌ی كریستیانۆ بۆ مانچێسته‌ر یونایتد، هانده‌رانی ئارسێناڵ له كارگێرانی یانه‌كه‌یان توڕه بن كه هیچ گرێبه‌ستێكی گه‌وره ئه‌نجام ناده‌ن.
10ـ ئه‌گه‌ر كریستیانۆ بگه‌ڕێته‌وه بۆ ریزه‌كانی شه‌یتانه سووره‌كان، هانده‌رانی ئینگلیزی زۆرترین قسه‌ی له‌باره‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌وكات ده‌ڵێن: كریستیانۆ سه‌ره‌ڕای هه‌ڵكشانی ته‌مه‌نی، به‌ڵام له 99%ـی یاریزانانی پرێمه‌رلیگ باشتره.