کریستیانۆ رۆناڵدۆ: هەموو ساڵێک شایستەی خەڵاتی بالۆن دۆرم و داوا لە مێسیش دەکەم بێتە ئیتاڵیا

کریستیانۆ: بەمزووانە ژن ناهێنم و هەموو هەفتەیەکیش دەچمە کڵێسا بۆ ئەوەی سووپاسی خودا بکەم بۆ هەموو ئەو شتانەی پێیداوم

کریستیانۆ رۆناڵدۆ داوا لە لیۆنێل مێسی دەکات بچێتە ئیتاڵیا و بارسێلۆنا بەجێبهێڵێت و رەتیشی دەکاتەوە بەمزووانە ئاهەنگی هاوسەرگیریی لەگەڵ جۆرجینا رۆدریگێز بگێڕێت.
لە دیمانەیەکی لەگەڵ رۆژنامەی لاگازێتا دیللۆ سپۆرتی ئیتاڵی، کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆیەکەمجار چەد نهێنییەک ئاشکرا دەکات و لەبارەی دوورکەوتنەوەی لە مێسی، دۆن رەتیدەکاتەوە بیری لیۆ بکات و پێیوایە ره‌نگه‌
مێسی بیری ئه‌و بکات و پێویستی بەو بێت، كریس داوا له‌ لیۆ دەکات بچێتە ئیتاڵیا و دەڵێت من لە پۆرتوگاڵ و ئینگڵاند و ئیسپانیا یارییم کردووە و ئێستاش لە ئیتاڵیام، هەمیشە حەز لە بەرەنگاربوونەوەی نوێ دەکەم، بۆیە داوا لە مێسی دەکەم بێتە ئیتاڵیا و بەرەنگاربوونەوەیەکی نوێ تاقیبکاتەوە، بەڵام ئەگەر ئەو دڵخۆشە لە بارسێلۆنا، من رێزی لێدەگرم.

کریستیانۆ لەبارەی چوونی بۆ یۆڤێنتۆس دەڵێت، من بژاردەی دیکەم لە بەردەم بوو، بەڵام بڕیارم دا یۆڤێنتۆس هەڵبژێرم، چونکە لێرە هەموومان وەکو یەک دەستە واین، ئەگەر دیبالا یان مانزۆکیچ گۆڵ نەکات ئەوا هەر دڵخۆش دەبن و پێدەکەنن، ئەمەش وا لە من دەکات زیاتر هەست بە یەک دەستەیی تیپەکەمان بکەم، لە ریال مەدریدیش هەموان سادە بوون، بەڵام ئەو کۆمەڵە یاریزانەی لێرەن لە یاریزانەکانی ریال مەدرید سادەتر و باشترن، لێرە زیاتر وەکو یەک خێزان مامەڵە دەکەین.
پێموایە بڕیاری هاتنم بۆ یۆڤێنتۆس %100دروست بوو، لێرە زۆر دڵخۆشم و شاری تۆرینۆ و کەشەکەم خۆش دەوێت.

هەروەها دۆن لە بەشێکی دیکەی دیمانەکەیدا دەڵێت، من گرنگی بەوە نادەم لە قۆناخی 16ی چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی ریال مەدرید دەبینەوە یان نا، لە سەرجەم یارییەکان ئامانجی من ئەوەیە سەرکەوتن بۆ یۆڤێنتۆس بەدەست بهێنم، کریستیانۆ پێشیوایە ئەو شایستەی بەدەستهێننای خەڵاتی بالۆن دۆر بوو، دەڵێت هەموو ساڵێک شایستەی ئەوەم خەڵاتەکە بەدەست بهێنم، هەروەها دەڵێت ژمارەکان درۆ ناکەن من هەموو شتێکم کرد بۆ ئەوەی خەڵاتەکە بەدەست بهێنم، بەڵام بە بەدەست نه‌هێنانی خەڵاتەکە دڵتەنگ نابم.

دۆن رەتیدەکاتەوە بەمزووانە لەگەڵ جۆرجینا رۆدریگێز ئاهەنگی هاوسەرگیری بکات کە خاوەنی منداڵێکن، دەشڵێت من کاسۆلیکیم و هەموو هەفتەیەک دەچمە کڵێسا بۆ ئەوەی سووپاسی خودا بکەم بۆ هەموو ئەو شتانەی پێیبەخشیوم.

رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی لاگازێتا دیللۆ سپۆرتی ئیتاڵی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی لاگازێتا دیللۆ سپۆرتی ئیتاڵی