پیکێ: لە مانەوەی نێیمار لە بارسێلۆنا دڵنیا نیم

'لەوانەیە لەبەر مێسی بڕوات، هەست بکات ناتوانێت رۆڵی سەرەکی لە بارسێلۆنا بگێڕێت'

K24- هەولێر

بێدەنگی نێیمار خەریکە هەرایەکی گەورە دەنێتەوە و هێشتا هاندەرانی بارسێلۆنا لە چاوەڕوانی ئەڵقەی کۆتایی ئەو زنجیرە درامایەی‌ چەند هەفتەیەکە لەلایەن باوکی نێیمارەوە دەستیپێکردووە ده‌ستیان له‌سه‌ر دڵیانه‌
گەرچی بە پۆستەکەی پیکێ لە ئینستاگرام هاندەران گەرەنتی مانەوەی نێیماریان لە بارسێلۆنا وەرگرت، بەڵام پیکێ شەوی سێشەممە لە پرێس کۆنفرانسێکدا گومانی هەوادارانی بلاوگرانای گەیاندەوە و لوتکە و رەتیکردەوە لە مانەوەی نیمۆ لە بارسێلۆن دڵنیابێت.

پیکێ لە پرێس کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند 'پۆستەکەی من شتێکی فەرمی نەبوو، من گوتەبێژی نێیمار نیم، تەنیا خوودی نێیمار دەزانێت چی روودەدات، وێنەکەی من و نێیمار شتێکی کەسی بوو، ماڵبات و خزمانی نێیمار بەهۆی پۆستەکەی من هیچ تووڕە نەبوون، بەڵکو کەسە نزیکەکانی نیمۆ بە پۆستەکە دڵخۆش بوون، لەوانەیە ویستی نێیمار بۆ رۆیشتنی بۆ پاریس سانجێرمان بەهۆی ئەوەوە بێت لەبەر مێسی نەتوانێت رۆڵی سەرەکی لە بارسێلۆنا وەربگرێت، ئەگەر ئەمەش راستبێت، من لێی تێدەگەم، لەگەڵ رێزم بۆ خولی فڕەنسی، بەڵام پێموایە هیچ بۆ نێیمار باش نییە، پێویستە نێیمار لە بارسێلۆنا بمێنێتەوە و هیوادرام بارسێلۆنا بەجێبهێڵێت. هەست ناکەم بابەتەکە پەیوەندی بە لایەنی وەرزشی و ئابوورییەوە هەبێت. پێموایە بارسێلۆنا باشترین شوێنە بۆ نێیمار و پێویستە بارسێلۆنا هەموو شتێک بکات بۆ ئەوەی پارێزگاری لە نێیمار بکات، چونکە نێیمار نموونەی نییە'.

لە پرێس کۆنفرانسەکەدا خاڤیێر ماسکیرانۆش لەبارەی چارەنووسی نێیمار پرسیاری لێکرا و ئەویش نازانێت وەرزی داهاتوو نیمۆ لەکوێ یاریی دەکات و دەڵێت 'مێسی و سەرجەم ئەستێرەکانی بارسێلۆنا قسەیان لەگەڵ نێیمار کردووە بۆ ئەوەی رازی بکەن لە بارسێلۆنا بمێنێتەوە، بەڵام بڕیاری کۆتایی لای نێیمارە، ئەو دۆخەکە هەڵدەسەنگێنێت و دەتوانێت بڕیار بدات، ئێمە حەز دەکەین لە بارسێلۆنا بمێنێتەوە'.

نێیمار لەگەڵ بارسێلۆنا لەسەر راهێنانەکانی بەردەوامە، بەڵام هێشتا ئامادە نییە هیچ لەبارەی ئەو هەمو دەنگۆ و قسانەوە بڵێت کە رۆژانە لەبارەیەوە دەکرێن، تەنانەت لە هەژمارەکانی خۆی لە سۆشیال میدیاش هیچ روونکردنەوەیەکی نەداوە.
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی لە ژمارەی ئەمڕۆ چوارشەممەیدا لەبارەی مانەوەی نێیمار لە بارسێلۆنا نووسیوتی 'گومان، گومان، گومانێکی زۆر'. بەگوێرەی سەرچاوەکانی رۆژنامەکەش، بارسێلۆنا ئامادە نییە یەک یۆرۆش بۆ نێیمار زیاد بکات و بەرپرسانی یانەکە بۆ مانەوەی نێیمار لە بارسێلۆنا ئامادە نین مووچەی یاریزانە بڕازیلییەکە زیاد بکەن، لە کاتێکدا رۆژ بە رۆژ ئۆفەرە خەیاڵییەکەی پاریس سانجێرمان لە راکێشانی نێیمار بۆ پاریس نزیکتر دەبێتەوە

رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی