5 شه‌تره‌نجزانی كورد له‌ نێوجه‌رگه‌ی به‌غدا مێدالیای زێریان له‌ مل كرا

بوونه‌ پاڵه‌وانی عێراق و ناسناوه‌كه‌یان هێنایه‌وه‌ كوردستان

K24 ـ به‌غدا

دوای بەشداریكردنیان لە پاڵەوانێتی شەترەنجی یانەكانی عێراق بۆ خوار تەمەنی 14 ساڵان، شاندی یانەی خانزاد بە میدالیای زێڕ لە بەغداوە بەسەلامەتی گەڕانەوە هەولێری پایتەختی كوردستان.

پاڵەوانێتی شەترەنجی عێراق بۆ ئاستی تازه‌پێگه‌یشتووان بە ئامادەبوونی سەرۆكی فیدراسیۆنی شەترەنجی عێراق لە هۆڵی بورجی سەلام لە شاری بەغدا بەڕێوەچوو كه‌ تێیدا یانەی خانزادی شاری هه‌ولێر بە پێنج شەترەنجزان بەشدارییان كرد و توانیان هەموو یارییەكان ببەنەوە و پلەی یەكەمی پاڵەوانێتییەكە بەدەست بێنن و میدالیای زێر و نازناوەكە بهێننەوە كوردستان.

لەم پاڵەوانێتییەدا كە 54 شەترەنجزانی كوڕو كچ لە زۆربەی شارەكانی عێراق بەشدارییان كردبوو، یانە بەشداربووەكانیش بریتی بوون لە یانەكانی خانزاد، ئیتساڵات، قادسیە، سەماوە، نەهرەین، رافدەین، هەدەف، نەفتی ناوەراست، دوای ركابەرییەكی بەهێز دواجار تاكە نوێنەرەكەی كوردستان یانەی خانزاد سەرباری ئەو بارودۆخە خراپەی دارایی و مەترسی پاڵەوانێتییەكە لە بەغدا توانیان پلەی یەكەم بەدەست بهێنن و نازناوەكە ببەنەوە.

شەترەنجزانەكانی خانزاد كه‌ مێدالیای زێریان له‌ مل كرا، بریتی بوون لە (پۆڵا ئازاد، مستەفا كەمال، ئەحمەد جەزا، هیشام نەمیر و عومەر نەمیر).

ئاماده‌كردنی: بارزان ئه‌كره‌م