هاندەرانی بارسێلۆنا کەمپینێک بۆ دەستلەکارکێشانەوەی بارتۆمیۆ دەکەن

K24- هەولێر

بارسێلۆنا ئەم هاوینە بە دۆخێکدا تێپەڕ دەبێت کەس بەخیلی پێ نابات، هاندەرانی بارسێلۆنا نزیکەی 10 ساڵە یانەکەیان بەمشێوەی ئێستا نەبینیوە.
دوای لەدەست دانی نێیمار و شکستی کلاسیکۆ ناڕەزایەتی هاندەرانی بارسێلۆنا زۆرتر بووە و گەیشتووەتە راددەیەک هاندەرانی یانە کەتەلۆنییەکە لە سەرتاسەری جیهان دەستیان بە گەورەترین کەمپەین کردووە بۆ دەستلەکارکێشانەوەی جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆ و هاشتاگی بارتۆمیۆ دەستلەکاربکێشەوە بووەتە تۆپ ترێندینگی تویتەر لە جیهاندا.
دوای ئەوەی بارسێلۆنا نەیتوانی پارێزگاری لە نێیمار بکات و ئەو یاریزانە بەرامبەر 222 ملیۆن یۆرۆ بارسای بەجێهێشت، هاندەرانی یانەکە رۆیشتنی نێیماریان بۆ شکستی دەستەی کارگێڕی یانەکەیان گەڕاندوە و کەمی نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەیان بە هۆکاری رۆیشتنی نێیمار دانا.
سەرەڕای لەدەست دانی نێیمار، بەڵام هێشتا بارسێلۆنا لەم هاوینە نەیتوانیوە بازاڕێکی باش بکات و تاکو ئێستا سیمیدۆ و دیلۆفیۆ و پاولینهۆی گواستووەتەوە ریزەکانی، هێشتا یانە ئیسپانییەکە نەیتوانیوە گواستنەوەی فیلیپ کۆتینهۆ لە لیڤەرپوول و عوسمان دێمبلی لە بۆرووسیا دۆرتمۆند یەکلا بکاتەوە و رۆژانە یانەکە کات بەفیڕۆ دەدات، لەکاتێکدا 15 رۆژ ماوە دەرگای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان دابخرێت.
دویا شکستەکەی بارسێلۆنا لە یاریی چوونی جامی سووپەری ئیسپانیا بەرامبەر ریال مەدرید، دەستەی هاندەرانی بارسێلۆنا کە بایکۆتی یارییەکەیان کردبوو، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و هۆکاری ئامادەنەبوونیان بۆ بۆ بەرزکردنەوەی نرخی بلیتی یارییەکە گێڕایەوە، بەگوێرەی بەیاننامەکەی دەستەی هاندەرنای بارسێلۆنا نرخی بلیتی یارییەکەی یەکشەممە %30 بەرزببووەوە، کارگێڕانی بارسێلۆناش بەشێک لەو بلیتانەی بۆ دەستەی هاندەرانی یانەکەیان تەرخانکرابوو، بە پارەیەکی زۆرتر بە هاندەرانی ریال مەدرید فرۆشرابوو.
دەستەی هاندەرانی بارسێلۆنا پەنجەی تۆمەت بۆ بارۆمیۆ و کارگێڕانی یانەکە رادەکێشن و داوای دەستلەکارکێشانەوەیان دەکەن.
گەرچی هێشتا چوار ساڵ ماوە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بارسێلۆنا بکرێت، بەڵام هاندەرانی بارسێلۆنا داوای هەڵبژاردنێکی پێشوەختە دەکەن، کە بە 16 هەزار واژۆی ئەندامە فەرمییەکانی یانەکە دەتوانرێت هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.
بارتۆمیۆ بە دۆخێکی یەکجار خراپدا تێپەڕ دەبێت، هەر بۆیە دوای دۆڕانەکەیان لە سووپەر کلاسیکۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەگەڵ ئەندامانی دەستەی کارگێڕی ئەنجام داوە و داوای لێکردوون بەزووترین کات گرێبەستی کۆتینهۆ و دێمبلی تەواو بکەن، بۆ ئەوەی ناڕەزایی هاندەرانی یانەکەیان کەمبکەنەوە.

ترێندینگی هاشتاگی #بارتۆمیۆ دەستلەکاربکێشەو
ترێندینگی هاشتاگی #بارتۆمیۆ دەستلەکاربکێشەو