"زێدان له پێكهاته‌ی ئه‌م وه‌رزه‌ی 2 كێشه‌ی هه‌یه"
سه‌رچاوه‌یه‌كی راگه‌یاندنی نزیك له یانه‌ی ریال مه‌درید، له راپۆرته هه‌واڵێكدا رایگه‌یاندووه كه زێدان له پێكهاته‌ی ئه‌م وه‌رزه‌ی دوو كێشه‌ی هه‌یه و هێشتا بۆی چاره‌سه‌ر نه‌كراوه.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه، 29 ته‌مووزی 2017، رۆژنامه‌ی ئاسی ئیسپانیا، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه ریال مه‌درید له‌به‌رده‌م كێشه‌ی به‌رگری و هێرشبه‌ردایه.
ریال مه‌درید ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ وه‌رزی نوێ بردۆته‌وه ئه‌مێریكا، دوو یاریشی كردووه، له هه‌ردوو یارییه‌كه‌ش به‌رامبه‌ر مانچێسته‌ر یونایتد و مانچێسته‌ر سیتی دۆڕاوه و 6 گۆڵی لێكراوه و 2 گۆڵیشی تۆمار كردووه.
رۆژنامه مه‌دریدییه‌كه هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردووه كه هێڵی به‌رگری و هێرشبه‌ری ریال مه‌درید ئاستێكی خراپیان پێشكه‌ش كردووه و جۆرێك ناهاوسانگی و لاوازی به‌م دوو هێڵه ره‌نگ ده‌داته‌وه، به‌تایبه‌تی هێڵی پێشه‌وه كه به‌هۆی نه‌بوونی كریستیانۆ توانای گۆڵتۆماركردنیان نه‌ماوه. كه‌ریم بێنزێما و گاریس به‌یل له كۆی 110 خوله‌ك نه‌یانتوانیوه تۆڕی به‌رامبه‌ر بهه‌ژێنن.
ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه كه به‌ره‌به‌یانی ئه‌مشه‌و له كاتژمێر 2:30ـی شه‌و ریال مه‌درید و بارسێلۆنا له كلاسیكۆی دۆستانه به‌یه‌ك ده‌گه‌ن.
به گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه، ئه‌گه‌ر ریال مه‌درید كێشه‌كانی چاره‌سه‌ر نه‌كات، ره‌نگه له یارییه چاره‌نووسسازه‌كه‌ی له جامی سووپه‌ری ئه‌ورووپا به‌رامبه‌ر مانچێسته‌ر یونایتد تووشی شكست بێت، كاتێك له 8ـی مانگی داهاتوو له مه‌كدۆنیا ئه‌م یارییه ده‌كرێت، هه‌ڵبه‌ت 5 رۆژ دوای ئه‌م یارییه ریال مه‌درید له یاری چوونی جامی سووپه‌ری ئیسپانیا له یاریگه‌ی كامپ نوو ده‌بێته میوانی یانه‌ی بارسێلۆنا، دواتر له 16 مانگ یاری گه‌ڕانه‌وه له یاریگه‌ی سانتیاگۆ بێرنابیۆ به‌رامبه‌ر یانه كه‌ته‌لۆنیاییه‌كه ده‌كات.