بەوێنە.. مێسی خەڵاتی تۆپی زێڕینی 2017 بەدەست دەهێنێت

بڵاوبوونەوەی وێنەیەکی بەرگی گۆڤاری فڕانس فووتبۆڵ ترسی خستووەتە دڵی هاندەرانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ

K24- هەولێر

بڵاوبوونەوەی وێنەیەکی بەرگی گۆڤاری فڕانس فووتبۆڵی فڕەنسی ترسی خستووەتە دڵی هاندەرانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و دەترسن ئەم وێنەیە بەرگی ژمارەی داهاتووی گۆڤارەکە بێت و لیۆنێل مێسی تۆپی زێڕینی 2017 بەدەست بهێنێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە وێنەیەکی بەرگی گۆڤاری فڕانس فووتبۆڵ بڵاوکراوەتەوە، گوایە وێنەکە بەرگی ژمارەی داهاتووی گۆڤارە فڕەنسییەکەیە و وێنەی مێسی لەسەر بەرگەکەیە، کە ئەگەر ئەمە راست بێت، ئەوا مانای ئەوەیە گۆڤارە فڕەنسییەکەیە پێچەوانەی فیفا خەڵاتی تۆپی زێڕینی ئەمساڵ دەداتە مێسی. لە کاتێکدا کریستیانۆ خەڵاتی زە بێستی فیفای بردەوە.

گەرچی بەگوێرەی سەرچاوەکان، ساڵانە گۆڤارە فڕەنسییەکە سێ ژمارەی جیاوازی لەسەر هەر سێ بەربژێری کۆتایی خەڵاتی تۆپی زێڕین ئامادە دەکات، بەڵام هاندەرانی کریستیانۆ دەترسن سیناریۆی ساڵی رابردوو دووبارە بێتەوە، کاتێک چەند رۆژێک پێشتر وێنەی بەرگی گۆڤارەکە بڵاوبووەوە و دەرکەوت کریستیانۆ خەڵاتەکە بەدەست دەهێنێت و دواتریش وێنەکە نراست دەرچوو و رۆناڵدۆ خەڵاتی تۆپی زێڕینی 2016ی بەدەستهێنا.

پێشتر کریستیانۆ رۆناڵدۆ چوار جار خەڵاتی تۆپی زێڕینی بەدەستهێناوە و چاوی لەوەیە ئەمساڵیش خەڵاتەکە بباتەوە و ریکۆردی مێسی هاوتا بکاتەوە.

رۆژی 7ی مانگی داهاتوو وابڕیارە گۆڤاری فڕانس فووتبۆڵ خەڵاتی تۆپی زێڕین دابەش بکات، کە دووە ساڵە لە فیفا جیابووەتەوە و وەکو پێش 2013 بە جیا باشترین یاریزانی جیهان دەستنیشان دەکات، کە 30 بەربژێر رکابەرن بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی ئەمساڵ.

ئەو وێنەیەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە
ئەو وێنەیەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە
بەرگی گۆڤاری فڕانس فووتبۆڵ 2016
بەرگی گۆڤاری فڕانس فووتبۆڵ 2016