کریستیانۆ رۆناڵدۆ: لە توانامدا هەیە شەشەم تۆپی زێڕین بەدەست بهێنم

هەرگیز پێشبینیم نەدەکرد رۆژێک لە رۆژان پێنج تۆپی زێڕین بەدەست بهێنم

کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە دیمانەیەکی لەگەڵ چەناڵیکی یوتیوب باسی ئەو تۆپە زێڕینانە دەکات کە لە ژیانی خۆیدا بەدەستیهێناون و پەردە لەسەر چەند حەزێکی خۆشی هەڵدەداتەوە.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە پێنج جار تۆپی زێڕینی بەدەستهێناوە لە دیمانەیەکی لەگەڵ چەناڵی (دێسیمپێدیدۆس)دا رەتیدەکاتەوە هەرگیز پێشبینی کردبێت رۆژێک لە رۆژان پێنج تۆپی زێڕین بەدەست بهێنێت

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، هێرشبەری پۆرتوگاڵی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی

هەرگیز پێشبینیم نەدەکرد رۆژێک لە رۆژان پێنج تۆپی زێڕین بەدەست بهێنم، بەڵام کاتیك لە تەمەنی 16 ساڵیدابووم پێموابوو بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان ئەستەم نییە، ئەگەر ئێستا کۆتایی بە ژیانی وەرزشیم بێت ئەوا من دڵخۆشم، چونکە پێنج تۆپی زێڕینم بەدەستهێناوە، بەڵام پێموایە لە توانامدا هەیە خەڵاتێکی دیکە یان دوو یانیش سێ خەڵاتی دیکەی تۆپی زێڕین بەدەست بهێنم. لەوانەیە من بڕوام بەوە هەبووبێت خەڵاتێک یان دوو خەڵاتی تۆپی زێڕین بەدەست بهێنم، بەڵام لەو بڕوایەدا نەبووم پێنج تۆپی زێڕین ببەمەوە، ئەمساڵیش بڕوام بەخۆم هەیە شەشەم تۆپی زێڕین بەدەست بهێنم، بەڵام ئەمەش لەسەر ئەو دەستکەوتانە دەوەستێت کە ئەم وەرزە بەدەستی دەهێنین.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە چوار جار نازناوی چامپیۆنزلیگی لەگەڵ یانەکان بەدەستهێناوە و دوو ساڵ لەمەوبەریش لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگاڵ بووە پاڵەوانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا، پێیوایە سەرجەم خەونەکانی هاتوونەتە دی.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، هێرشبەری پۆرتوگاڵی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی

ئەگەر راشکاوانە قسەت بۆ بکەم، ئەوا پێموایە من سەرجەم خەونەکانم هاتوونەتەدی و ئەوەی ئاواتم بۆی خواستووە بەدەستم هێناون، بەڵام ئەگەر لێشم بپرسی حەز دەکەیت مۆندیال بەدەستی بهێنی بێگومان دەڵێم بەڵێ، بەڵام پێموایە بۆ بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیالی ئەمجارە بەربژێر نین، هەڵبژاردەکانی ئەڵمانیا و ئیسپانیا و بڕازیل و ئارجێنتینا بەربژێری سەرەکین، بەڵام هەموو شتێکیش ئەگەری روودانی لە تۆپی پێ هەیە، ئێمە سەرەتا هەوڵ دەدەین قۆناخی کۆمەڵەکان تێبپەڕێنین، ئینجا سەیر دەکەین بزانین چی روودەدات'.

 

کریس کە باوکی دوو کوڕ و دوو کچە و لەگەڵ جۆرجینا رۆدریگێز پەیوەندییەکی خۆشەویستی هەیە، باسی چەند نهێنییەکی ژیانی خۆی دەکات و دڵی خۆی بۆ پێشکەشکارەکە دەکاتەوە

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، هێرشبەری پۆرتوگاڵی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی

 من پێموانییە کەسێکی خۆپەرست بم، بەڵام پێموایە پێویستیشە نرخێک بۆ خۆشت دابنێی و خۆتت خۆشبوێت، من ناڵێم من پاشام، بەڵام کە دەچمە بەر ئاوێنە خۆمم خۆش دەوێت، کاتێک لە ماڵەوەم حەز بە سەیرکردنی یاریی تۆپی پێ دەکەم، حەز بە سەیرکردنی زنجیرە دراما و دۆکیۆمێنتاری و فیلم دەکەم، چونکە زۆریان لێوە فێر دەبم، هەروەها زۆریش حەز بە کۆنسێرت دەکەم و زۆرجار بۆ ئامادەبوون لە کۆنسێرتەکان سەردانی لەندەن و پاریس دەکەم'.

 

کریستیانۆ لە 2018 لە نۆ یاری 12 گۆڵی بۆ یانەی ریال مەدرید تۆمارکردووە و دوو ئەسیستی کردووە و لە دوایین شەش یاری 10 گۆڵی لە لالیگا کردووە و خەریکە ئاستی راستەقینەی خۆی بۆ دەگەڕێتەوە..