بەڤیدیۆ.. ئیسکۆ لە یاریی هەڵبژاردەی ئیسپانیا تووشی پێکان بوو

یارییەکەی تەواو نەکرد

K24- هەولێر

ئیسکۆ لە یاریی دۆستانەی نێوان ئیسپانیا و کۆستاریکا تووشی پێکان بوو و دڵی هاندەرانی ریال مەدرید تەنگ کرد.

شەوی رابردوو ئیسکۆ لە نیوەی دووەم یاریی نێوان ئیسپانیا و کۆستاریکا لە ئەژنۆی تووشی پێکان بوو و بە تووندی لەلایەن یاریزانێکی کۆستاریکاوە لێیدرا و یارییەکەی بەجێهێشت. دوای یارییەکە جۆلیان لۆپیتێخی راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا رایگەیاند، ئیسکۆ لە ئەژنۆی هەستی بە ئازار کرد بۆیە یاریگەی بەجێهێشت و وابڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە پشکنینی پزیشکی بۆ بکرێت بۆ ئەوەی راددەی پێکانەکەی دیاریی بکرێت. ئالڤارۆ مۆراتاش رایگەیاندووە، پێکانەکەی ئیسکۆ شتێکی وانییە و تەنیا لێدانێکی بەرکەوتووە و پێویست ناکات لەبارەی پێکانەکەیەوە دوودڵ بن.

رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکردووە، پێناچێت پێکانەکەی ئیسکۆ مەترسیدار بێت، بەڵام ئەمڕۆ بڕیار دەدرێت ئەو ناوەڕاستکارەی ریال مەدرید لەگەڵ هەڵبژاردەکەی بۆ ئەنجامدانی یاریی رووسیا دەچێتە مۆسکۆ یانیش دەگەڕێتەوە ریال مەدرید بۆ ئەوەی بتوانێت هەفتەی داهاتوو بەشداریی یاریی دێربی مەدرید بکات.