سەرەڕای ماڵئاواییکردنی ئیتاڵیا لە مۆندیال کەچی سەردەمی ڤینتۆرا لە کۆنتی باشترە

بۆچی هەمووان پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی ڤینتۆرا دەکەن؟

K24- هەولێر

نووسینی: لوقمان عەلی

جیان پیێرۆ ڤینتۆرا راھێنەری ھەڵبژاردەی ئیتاڵیا دووچاری شەپۆڵێکی گەورەی رەخنە بۆتەوە بەھۆی سەرنەکەوتنی ئازۆری بۆ مۆندیالی 2018ی رووسیا، داواشدەکرێت لەپۆستی راھێنەرایەتی ھەڵبژاردەکە دووربخرێتەوە، کەچی بە چاوصساندن بە ئامارەکان دەردەکەوێت ئەو راهێنەرە لە زۆر راهێنەری بەنابوناگی پێشووی هەڵبژاردەکە باشتر بووە.

سەرباری کێشەکانی ئیتاڵیا لەگەڵ ڤینتۆرا و شێوازی یاریکردن و پلانەکانی، بەڵام ئەم راھێنەرە بەراورد لەگەڵ ئەنتۆنیۆ کۆنتی راھێنەری پێشوو باشترە.

لە دوایین 25 یاری، ڤینتۆرا لەگەڵ ئیتاڵیا 14 سەرکەوتن و 7 یەکسانبوون و 4 شکستی تۆمارکرد بەڕێژەی سەتا 56.25،لەبەرانبەردا، کۆنتی لە 16 یاریدا،7 سەرکەوتن و 4 یەکسانبوون و 3 شکستی تۆمارکرد بەڕێژەی سەتا 56.

ھەڵبژاردەی ئیتاڵیا لەسەردەمی کۆنتیدا تۆڕی گۆڵەکەی 21 جار ھەژێندرا، بەڵام لەسەردەمی ڤینتۆرای نزیک لە بەڕێکردن، تۆڕەکەی 13 جار ھەژێندرا، بەمەش دەردەکەوێت بەرگری ئیتاڵیا لەسەردەمی ڤینتۆرادا باشتربوو.

لەدوایین 20 ساڵی رابردوو، لەرووی دەستەبەرکردنی زۆرترین بردنەوە بۆ ھەڵبژاردەکە، ڤینتۆرا چوارەم باشترین راھێنەرە لەکۆی ھەشت راھێنەر کە پێشتر ئەرکی راھێنەرایەتیکردنی ھەڵبژاردەکەیان پێسپێردرابوو، کۆنتیش یەکێک بوو لەو راھێنەرانە.

ئەوەی کۆنتی پێش ڤینتۆرا دەخات، رێژەی گۆڵتۆمارکردنە، ئیتاڵیا لەسەردەمی راھێنەرەکەی ئێستەی چێڵسی 34 گۆڵی تۆمارکردبوو، لەبەرانبەردا ئازۆرییەکان لەگەڵ ڤینتۆراش 27 گۆڵیان کردبوو.