یارییەکانی داھاتووی ریال مەدرید بەراورد بە بارسێلۆنا قوڕسترن

ره‌نگه‌ ریال مه‌درید خاڵی زیاتری لێ بچۆڕێ

شەمەندەفەری یارییەکانی خولی ئیسپانی لە گەڕی 14 نزیک بۆتەوە، بارسێلۆنا بە جیاوازی 8 خاڵ، لە پێش مێرێنگی رکابەرە مێژوویەکەیەتی، به‌ گوێره‌ی خشتەی یارییەکانی داھاتووی ریال مەدرید لە قۆناخی چووندا زەحمەتییەکی زۆر زیاتر دەبینرێ بەراورد بە بارسێلۆنا.

لە گەڕی داھاتوودا ریال مەدرید، بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی یانه‌ی ئاتڵێتیك بلباو گه‌شه‌تی ھەرێمی باسک دەکات، ئەگەر سەیری مێژووی ئەم یانەیەش بکە زۆر جار ریال مەدریدی لە ڕێرەوەی سەرکەوتنەکان لاداوە، دوای ئەم گەشتەی، یانه‌ی شایانه‌ ڕووبەڕووی سیڤییا دەبێتەوە کە بەوە ناسراوە بەردەوام ئەنجامەکان ھەڵدەگەڕێنێتەوە ئه‌گه‌ر تیپی به‌رامبه‌ریش گه‌وره‌ بێت، لە ئێستاشدا سێڤییا لە خانەی پێنجەمی ریزبەندی دایە و ته‌نیا 2 خاڵ لە مێرێنگێ دوورە.

دواتر خۆی بۆ یاریی بەرامبەر لیگانس ئامادە دەکات، دەکرێ بڵێین لەسەر کاغەز یارییەکی ئاسان دەبێت، لەوانەشە دوابخرێت بەھۆی بەشداری کردنی ریال مەدرید لە جامی جیھانی یانەکان، ئەمەش پاڵەپەستۆیەکی زیاتر لەسەر یارییەکانی ریال مەدرید دروست دەکات.

پاشان لە گەڕی 17 کلاسیکۆی لالیگا ئەنجام دەدات كه‌ ده‌كه‌وێته‌ رۆژی 23ـی مانگی داهاتوو، دواتر لە دوای ئاھەنگەکانی کریسمس دەبێتە میوانی سێلتافیگۆ کە ناسراوە بەوەی لە یاریگای خۆیدا باشترین ئەنجام نیشان دەدات.

لە دواین یارییەکانی چووندا مێرێنگێ میوانداری ڤیاریال دەکات، کە ئێستا یارییەکی جیاوازتر لەسەرتای خولەکەدا پێشکەش دەکەن، ئەمەش دوای گۆڕینی راھێنەر و ھێنانی خافیێر کایخا کە ئاستی تیپەکەی راست کردۆتەوە.

ھەرچی بارسێلۆنایە، لە یاریی داھاتووی لە کامپ نو میوانداری سێلتافیگۆ دەکات، دواتر یارییەکی قۆرس چاوەڕێیەتی لە یاریگای سیرامیکا بەرامبەر ڤیاریال، دواتر لە یاریگای خۆی میوانداری دیپۆرتیڤۆلاکارۆنیا دەکات کە بە یارییەکی ئاسان ھەژمار دەکرێت بۆی.

بلاوگرانا، دوای کلاسیکۆی بێرنابیۆ، میوانداری لیڤانتی دەکات، دواتر جەنگی گەورە لە یاریگای سان سێبێستیان دەکات, کاتێک دەبێتە میوانی ریال سۆسیداد کە لەوەتەی ساڵی ٢٠٠٧ـه‌وه‌ لەو یاریگایە براوەو نەبووە.

ئەگەر سەیری خشتەی یارییەکانی ھەردوو یانە بکەی تێبینی ئەوە دەکەیت، کە یارییەکانی ریال مەدرید زەحمەترتن لە چاو یارییەکانی بارسێلۆنا کە رەنگە بارسا کەمتر خاڵ لە دەستبدات، ریالیش بەو ئاستە ناجێگیڕەیەوە ره‌نگه‌ خاڵی زیاتری لێ بچۆڕێت.

ئامادەکردنی: بارزان ئەکرەم