ئه‌مشه‌و له كلاسیكۆی زه‌وی شتی جیاواز ده‌بینن
ئه‌مشه‌و ركابه‌رییه‌كانی دوو جه‌مسه‌ره‌كه‌ی ئیسپانیا له یاریگه‌ی كامپ نوو ده‌ستپێده‌كات، ریال مه‌درید هه‌وڵده‌دات چواره‌مین ناسناوی 2017 بباته‌وه، بارسێلۆناش له‌گه‌ڵ راهێنه‌رێكی نوێ ده‌یه‌وێت بۆ وه‌رزی داهاتوو هیوایه‌ك به هانده‌رانیان ببه‌خشێت.
به گوێره‌ی میدیاكانی ئیسپانیا، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌م یارییه‌دا ڤاڵڤێردی ده‌بیندرێت و نێیماریش نه‌ماوه، پێشبینی ده‌كرێت له یانه كه‌ته‌لۆنیاییه‌كه پێكهاته و شتی جیاواز ببینن.
بارسێلۆنا
به گوێره‌ی نوێترین زانیارییه‌كان، ڤاڵڤێردی بۆ ئه‌م یارییه دوو بژارده‌ی له‌به‌رده‌سته، یه‌كه‌میان شێوازی (4 ـ 4 ـ 2) ده‌بێت، له‌م پلانه‌دا جیرارد دۆلۆفیۆ به‌شێوازێكی هێرشبردن یاری ده‌كات، رۆڵی باڵه‌كانیش به ئه‌ندرێس ئینیێستا ده‌به‌ستێت.
ڤاڵڤێردی له ئه‌گه‌ری به‌كارهێنانی بژارده‌ی دووه‌می به‌شێوازی (3 ـ 4 ـ 1 ـ 2) ده‌بێت، ئه‌م پلانه پاكۆ ئه‌لكاسێری تێدا ده‌بێت، سوارێز و مێسی له پێشه‌وه ده‌بن، له دواوه‌ش جۆردی ئالبا و نیلسۆن سیمیدۆ رۆڵی گه‌یاندنی تۆپه‌كان بۆ هێرشبه‌ران ده‌بینن.
ریال مه‌درید
زێدان ئه‌گه‌ر له‌م یارییه‌دا به شێوازی (4 ـ 3 ـ 1 ـ 2) یاری بكات، ئیسكۆ له پشت هێرشبه‌ران یاری ده‌كات، له نێوان (كه‌ریم بێنزێما، كریستیانۆ رۆناڵدۆ و گاریس به‌یل) یه‌كێكیان له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه ده‌بێت.
ئه‌مشه‌و له كاتژمێر 11:00 به كاتی باشووری كوردستان، له یاری چوونی جامی سووپه‌ری ئیسپانیا، له یاریگه‌ی كامپ نوو میوانداریی ریال مه‌درید ده‌كات، یاری گه‌ڕانه‌وه‌ش له رۆژی چوارشه‌ممه داهاتوو له یاریگه‌ی سانتیاگۆ بێرنابیۆ له كاتژمێر 12:00ـی شه‌و ده‌كرێت.