بەڤیدیۆ.. بنمیچی یاریگەیەک لە ئەمریکا سەرنجی هەموو جیهانی راکێشاوە

بنمیچی یاریگەکە بە 12 خولەک دادەخرێت و دەکرێتەوە
kurdistan24.net

 یاریگەیەکی تۆپی پێیە لە ئەمریکا بە جۆرێک دروستکراوە، سەرنجی هەموو جیهانی بۆ لای خۆی راکێشاوە و بووەتە مۆدێرنترین یاریگەی جیهان، یاریگەکە لە ماوەی چەند خولەکێک بنمیچەکەی دادەخرێت و وەکو هۆڵیکی داخراوی لێ دێت.
یاریگەی مێرسیدیس بێنز یەکێکە لە سەرنجڕاکێشترین یاریگەکانی جیهان، کەوتووەتە شاری ئاتلانتا لە ویلایەتی جیۆرجیا لە ئەمریکا.
ئەم یاریگەیە مۆدێرنترین یاریگەی جیهانە، ئەم یاریگەیە تایبەتە بە یاریی تۆپی پێی ئەمریکی و تۆپی پێ، جگە لەم دوو وەرزشە فێستیڤاڵ و چاڵاکی گەورەشی لێ ئەنجام دەدرێت.
یاریگەی مێرسیدیسی بێنز کە تایبەتە بە یانەکانی ئاتڵانتا فاڵکۆنس بۆ یاریی تۆپی پێی ئەمریکی و ئاتلانتا یونایتد ئێف سی بۆ یاریی تۆپی پێ، مانگی مایۆی 2014 دەست بە دروستکردنی کرا و بونیادنانی ئەم یاریگەیە 39 مانگی پێویست بوو.
ساڵی رابردوو لەم کاتانەدا ئەم یاریگە مۆدێرنە کرایەوە، دوای ئەوەی زیاتر لە ملیارێک و نیو دۆلاری تێدا خەرجکرا.
بنمیچەکەی زیاتر ئەم یاریگەیەی سەرنجڕاکێش کردووە، تەنیا 12 خولەک بەسە بۆ ئەوەی بنمیچی یاریگەکەی ئاتلانتا بکرێتەوە و دابخرێت.
ئەم یاریگەیە تانای لەخۆگرتنی نزیکەی 75 هەزار هاندەری هەیە، لە یاریی نێوان یۆڤێنتۆس و ئەستێرەکانی خولی ئەمریکی ئەم یاریگەیە ریکۆردی شکاند، 72,317 هاندەر ئامادەی یارییەکە بوون.
جگە لە بنمیچ و ئەو تەکنەلۆژیایانەی لەم یاریگەیە بەکارهاتووە، لە یاریگەکە شاشوی گەورە دانراون، دەتوانرێت رووداوەکانی یارییەکانی تێدا پیشان بدرێت و شوێنێکی نایابیشە بۆ ئەو کۆمپانیایانەی دەیانەوێت ریکلام بۆ خۆیان بکەن.