لەوانەیە بەهۆی کارتە سوورەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ دوو یاریی سڕ بکرێت

یۆڤێنتۆس دەیەوێت تانە لە کارتە سوورەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بدات

کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆیەکەمجار لە چامپیۆنزلیگ بە کارتی سوور کرایە دەرەوە و ئەگەر هەیە بۆ دوو یارییش سڕ بکرێت.

شەوی رابردوو لە یەکەم گەڕی وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ لە یاریی نێوان ڤاڵێنسیای ئیسپانی و یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی کە یەکەم یاریی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بوو لە خولەکە بە درێسی یۆڤی ئەنجامی بدات، لە خولەکی 29 کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، یەکەمجار بوو ئەو هێرشبەرە پۆرتوگاڵییە لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا لە کۆی 154 یاریی کارتی سوور وەربگرێت، یازدەمین کارتی سووریش بوو لە کاروانی وەرزشی خۆی بە رووی دۆن بەرز بکرێتەوە.

رۆژنامەکانی ئیتاڵیا ئاشکرایانکردووە، مەترسی ئەوە هەیە کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ دوو یاریی سڕ بکرێت، بەڵام بەرپرسانی یانەی یۆڤێنتۆس پێیانوایە زوڵمێکی گەورە لە دۆن کراوە و بەنیازن تانە لەو کارتە سوورە بدەن، بۆ ئەوەی بۆ یاریی داهاتووی یۆڤی لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر مانچێستەر یونایتد ئامادە بێت.