بۆ یه‌كه‌مجار سه‌رۆكی ئاتڵێتیكۆ مه‌درید باسی رۆیشتنی گریزمان بۆ بارسێلۆنا ده‌كات
ئێنریكی سیریزۆ سه‌رۆكی یانه‌ی ئاتڵێتیكۆ مه‌درید له باره‌ی رۆیشتنی ئانتوان گریزمان بۆ یانه‌ی بارسێلۆنا گوتی: تووشی شۆك ده‌بم ئه‌گه‌ر له كۆتایی ئه‌م وه‌رزه گریزمان له ئاتڵێتیكۆ بڕوات و بچێته بارسێلۆنا.
له ماوه‌كانی رابردوو میدیاكان به گه‌رمی داهاتووی ئانتوان گریزمانی هێرشبه‌ری ئاتڵێتیكۆیان به یانه‌ی بارسێلۆنا ده‌به‌سته‌وه و باسیان له‌وه ده‌كرد كه بارسێلۆنا له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی ئه‌و هێرشبه‌ره فره‌نسیه رێككه‌وتووه بۆ وه‌رزی داهاتووی نرخی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی بداته ئاتڵێتیكۆ كه به 200 ملیۆن یۆرۆ مه‌زه‌نده كراوه.
ئێنریكی سیریزۆ سه‌رۆكی ئاتڵێتیكۆ مه‌درید له‌مباره‌یه‌وه له لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌ی موندو دیپۆرتیڤۆی كه‌ته‌لۆنیا ده‌ڵێت: هاوشێوه‌ی ئه‌گوێرۆ، تۆرێس و كۆستا فۆرلان كه پێشتر یانه‌ی ئاتڵێتیكۆیان جێهێشت، له ئێستادا زۆر باس له چوونی گریزمان بۆ بارسێلۆنا ده‌كرێت، به‌ڵام واهه‌ست ناكه‌م له هاوینی داهاتوو شتی وا رووبدات، چونكه گریزمان یانه‌كه‌ی خۆی زۆر خۆشده‌وێت و له مه‌درید ئاسووده‌یه.