شێرپەنجەی پرۆستات نهێنی ریمۆنتادایەکەی سێڤییا بووە

راهێنەری سێڤییا لە نێوان هەردوو گێمدا بە یاریزانەکانی گوتووە تووشی شێرپەنجەی پرۆستات بووە

K24- هەولێر

راهێنەری یانەی سێڤییای ئیسپانی تووشی شێرپەنجەی پرۆستات بووە و شێرپەنجەکەی بووە هۆکاری ریمۆنتادایەکەی شەوی رابردووی یانەکەی بەرامبەر لیڤەرپوولی ئینگلیزی.
ئیدواردۆ بێریزۆ، راهێنەری ئارجێنتینی یانەی سێڤییا شەوی رابردوو دوای ئەوەی لە نیوەی یەکەم بە سێ گۆڵ لە دواوەی لیڤەرپوول بوون، لە ژووری جلگۆڕین بە یاریزانانی یانەکەی گوتووە، تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی پرۆستات بووە و ئەم هەواڵەش کاریگەریی زۆری لەسەر یاریزانەکانی دروستکردووە.
میدیاکانی ئەوروپا بڵاویانکردووەتەوە، هەواڵەکەی بێریزۆی 48 ساڵان یەکێک بووە لە هۆکارەکانی ریمۆنتاداکەی سێڤییا لە چامپیۆنزلیگ، کە لە نیوەی دووەم سێ گۆڵیان کرد و یارییەکەیان یەکسانکردەوە، تەنانەت کاتێک پیزارۆ گۆڵی بەرامبەربوونی لە کاتی زیادکراو کرد، سەرجەم یاریزانەکان رایانکردە لای راهێنەرەکەیان.

یانەی سێڤییا لەبارەی شێرپەنجەکەی بێریزۆ بەیاننامەیەکی بلاوکردووەتەوە و پاڵپشتی خۆی بۆ راهێنەرە ئارجێنتینییەکەی دووپاتکردووە و هێشتا نازانرێت چارەنووسی ئەم راهێنەرە چی بەسەر دێت، کە ئەمە دووەم بەناوبانگترین راهێنەرە لەم چەند ساڵەدا تووشی شێرپەنجە بێت و پێشتر تیتۆ ڤیلانۆڤای راهێنەری بارسێلۆنا بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە گیانی لەدەست دا.

بەیاننامەکەی یانەی سێڤییا لەبارەی شێرپەنجەکەی ئێدواردۆ بێریزۆ
بەیاننامەکەی یانەی سێڤییا لەبارەی شێرپەنجەکەی ئێدواردۆ بێریزۆ