رۆڵی خانمان لە میدیای وەرزشی کوردیدا

کوردستان خەریکە لەشکرێکی خانمانی میدیاکاری وەرزشی لەباوەش دەگرێت

نووسینی: نەوال فەرھاد

گەر گوزەرێک بەنێو نەواخنی ئەم پرسە بکەین، ئەوا لەوانەیە لەمپەر و کێشمەکێشمان بۆ دروست بێت، لەوانەشە بتوانین ھاوکێشەیەکی قوڕس چارەسەربکەین، لەوانەشە خاتوونێک لەیەکەم نووسینی بەرگری لە رەگەزی خۆی بکات و باس لە پرسێکی گەورە بکات و رەگەزی بەرانبەر ئیرەیی ببەن،ئەوانە تا ئێرە سونەتی ژیانە و ئاساییە، بەڵام من دەمەوێت ئێمەش لەگەڵ رەگەزی بەرانبەر ھەبین.

رۆڵی میدیا لەسەردەمی ئێستادا گرنگی و بەھایەکی بێ سنووری ھەیە بۆ گەیاندنی زانیاری و ئاراستەی سوودبەخش بۆ کۆمەڵگا لە پێناو گەیشتن بەئامانجی میدیایی خۆی دەربخات و زانیاری بگەیەنێت، دیدو ترۆپی ویستی من لەم پرسە ئەوەیە رۆڵی خانمان لەنێو میدیای وەرزشی و متمانە و تێڕوانێنکی تەندروست لە نێو کۆمەڵگا و خێزان  بینا بکات و ببێتە دووانەی لەیکبوو،بیرمان نەچێت سەرەتا خانمان گرنگێکی ئەوتۆیان بە کاری میدیای وەرزشی نەدەدا،ھۆکارەکەش بە پلەیەک کۆمەڵگایەکی چەقبەستوو کە وایان بیردەکردەوە کە میدیای وەرزشی تەنھا حەز و ئارەزووە و زانستێک نییە گرنگی پێبدرێت و تەنھا پیاو ئەتوانێ ئەم رۆڵە ببینێت!.

رۆژگار ئەم ھەموو تێڕوانینە ھەڵانەی رەشکردەوە و بەچاوێکی فراونتر وھزرێکی بەربڵاوتر و دیدێکی یەکسانی و قبوڵکردنی رەگەزی بەرانبەر خانمان ھاتنە نێو ئەم جیھانە بەربڵاوە کە میدیای وەرزشییە، بەڵی ئێستا رۆڵی خانمان بەتایبەتی لە میدیای وەرزشی کوردی گەر زیاتر نەبێت کەمتر نییە لەگەڵ رەگەزی بەرانیەر، بێگومان ھۆکاری راستەقینەی ئەم پێشکەوتنە بیرکردنەوە و تێگەیشتنی کۆمەڵگا و شەونخونی خودی خانمانی میدیاکاری وەرزشییە، گۆڕەپانەکە ئێستا نیمچە لەشکرێکی خانمانی میدیاکاری وەرزشی لەباوەش گرتووە، بێژەر وپێشکەشکار و پەیامنێر و وێنەگری ڤیدیۆی و فۆتۆگرافەر و ھەواڵساز و ناوەناوە لە سۆشیال میدیاش کاری شرۆڤەکاری دەکەن، بۆیە ئومێد دەکەم ئەم پرسە ببێتە ھەنگاوێکی جددی بۆ خانمانی میدیاکاری وەرزشی باشتر و گەرم و گوڕتر بێنە نێو ئەم بوارە پڕ جموجۆڵ وخێرایی و جوانی و ھونەر و زانست و ھرز و مەعریفەتە کە میدیای وەرزشییە.