پێش ئەوەی رووبەڕووی ریال مەدرید ببنەوە پەتای پێکان بەرۆکی یاریزانانی یۆڤێنتۆسی گرتووە

پێنج یاریزانی یۆڤێنتۆس پێکانیان هەیە و دووانیشیان سزادراون

پێش رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدرید، پەتای پێکان بەرۆکی یاریزانانی یۆڤێنتۆسی گرتووە و تاکو ئێستا چوار یاریزانی یانە ئیتالییەکە تووشی پێکان بووینە و هاندەرانی بیانکۆنێری دەستیان لەسەر دڵیانە و دەترسن بۆ یاریی بەرامبەر ریال مەدرید لە توانای چەند یاریزانێکی یانەکەیان بێبەش بن.
سامی خزێرە بووە نوێترین قوربانی پەتای پێکان، ئەو ناوەڕاستکارە ئەڵمانییە لەگەڵ هەڵبژاردەکەی لە یاریی بەرامبەر ئیسپانیا تووشی پێکان بوو، گەرچی هیچ زانیارییەکی فەرمی لەبارەی پێکانەکەی بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام چاوەڕێ ناکرێت پێکانەکەی خزێرە زۆر بخایەنێت.
جۆرجیۆ کیلینی سەرکردەی هێلی بەرگری یۆڤی یەکێکی دیکەیە لەو یاریزانانەی پێکان بەرۆکی گرتووە و لە دوایین یاریی یۆڤێنتۆس لە بەرامبەر سپال، ئەو بەرگریکارە ئیتالییە لە قاچی چەپی تووشی پێکان بوو و هاندەرانی بیانکۆنێری دەترسن بۆ یاریی رۆژی 3ی مانگی داهاتوو بەبێ کیلینی رووبەڕووی ریال مەدرید ببنەوە.
ئالێکس ساندرۆی بەرگریکاری بڕازیلی سێیەم یاریزانی یۆڤێنتۆسە لەوەتەی لە تیروپشکی قۆناخی چارەکی کۆتایی بەر ریال مەدرید کەوتوون، تووشی پێکان بێت، ساندۆر لە راهێنانەکانی سێلیساو پێکان بەرۆکی گرت و هاندەرانی پیرەژنە ئیتالییەکە گومانیان لە دۆخی ئەویش هەیە.
زیاتر لە سێ مانگە خوان کوادرادۆ بەهۆی پێکانەوە بەشداریی هیچ یارییەکی یۆڤێنتۆسی نەکردووە، بەڵام هەفتەی رابردوو ئەو ناوەڕاستکارە کۆلۆمبییە بە تەنیا دەستی بە راهێنان کردەوە، کەچی هێشتا کوادرادۆ ناتوانێت بەشداریی راهێنانە بەکۆمەڵەکانی یۆڤییەوە بکات و گومان دەکرێت 20 رۆژی دیکەی پێویست بێت تاکو بە تەواوەتی بۆ یاریکردن ئامادە بێت، بەمەش ئەستەمە بەرامبەر ریال مەدرید یاریی بکات.
جگە لە پێکان، سزادانیش بەرامبەر ریال مەدرید دوو یاریزان لە یۆڤی دوور دەخاتەوە، مێرالیم پیانیچ و مەهدی بنعەتییە بەهۆی کەلەکەبوونی کارتە زەردەکانیان ناتوانن بەرامبەر ریال مەدرید بکەن.
هێشتا نزیکەی هەفتەیەک ماوە بۆ یاریی ریال مەدرید و یۆڤێنتۆس، هاندەرانی یۆڤێنتۆس دەستیان لەسەر دڵیانە و دەترسن تاکو رۆژی یارییەکەی مێرێنگی ژووری پزیشکانی یانەکەیان پڕ یاریزانی پێکراو بێت.