ئەو یانانەی تاکو ئێستا لەم وەرزە تەنیا بە زمانی بردنەوە قسە دەکەن
K24- هەولێر
تاکو ئێستا لە سەرجەم خولە بەهێزەکانی ئەوروپا چوار یانە لە خولە ناوخۆییەکانیان تەنیا بە زمانی سەرکەوتن قسە دەکەن و جگە لە بردنەوە تامی هیچ ئەنجامێکی دیکەیان نەکردووە و دوای کۆتایی هاتنی سەرجەم یارییەکانیان ئاهەنگی خۆشیان گێڕاوە.
بارسێلۆنا تاکو ئێستا لە لالیگا پێنج سەرکەوتنی لەسەر یەکی بەدەستهێناوە و لە پێنج گەڕی سەرەتای خولەکە پێنج بردنەوەی بەدەستهێناوە و 17 گۆڵی کردووە و 2 گۆڵی لێکراوە و تاکە یانەیە لە خولی ئیسپانیا لەم وەرزە لە هەموو یارییەکان براوە بووە.
ئەمشەو بارسێلۆنا لە گەڕی شەشەمی لالیگا لە دێربی بچووکی کەتەلۆنیا کاتژمێر 21:45 رووبەڕووی گیرۆنا دەبێتەوە و چاوی لە سەرکەوتنی زیاترە.
یۆڤێنتۆس لە سێریا ئەی لە پێنج گەڕی سەرەتای سێریا ئەی سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لە 5 یاری 14 گۆڵی کردووە و تەنیا 3 گۆڵی لێکراوە و خاوەنی 15 خاڵە.
یۆڤی ئەمشەو یارییەکی زەحمەتی هەیە و لە دێربی شاری تۆرین رووبەڕووی تۆرینۆ دەبێتەوە و یارییەکە کاتژمێر 21:45 لەمیانی یارییەکانی گەڕی شەشەمی سێریا ئەی بەڕێوە دەچێت.
ناپۆلی دەستپێکێکی نایابی لە سێریا ئەی هەیە و تاکو ئێستا لە سەرجەم یارییەکانی خولەکە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و %100 سەرکەوتوو بووە.
ناپۆلی لە پێنج گەڕی سەرەتای سێریا ئەی 15 خاڵی کۆکردووەتەوە و 19 گۆڵی تۆمارکردووە و تەنیا 3 گۆڵی لێکراوە، بە جیاوازیی گۆڵ لەگەڵ یۆڤی پێشەنگی سێریا ئەی گرتووە.
ناپۆلی ئەمڕۆ ئێوارە کاتژمێر 19:00 لە گەڕی شەشەم دەبێتە میوانی سپالی تازە سەرکەوتوو بۆ ریزی یانە پلە یەکەکان.
پاریس سانجێرمان بە هێنانی یاریزانە نوێیەکانی تاکو ئێستا تەنیا بە زمانی بردنەوە لە لیگ1 یاریی دەکات و لە 6 یاری سەرەتای خولەکە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و خاوەنی 18 خاڵە و پێشەنگی خولەکەی گرتووە.
پاریس سانجێرمان لە 6 یاری 21 گۆڵی کردووە و تەنیا 3 گۆڵی لێکراوە. پاش کەمێکی دیکە کاتژمێر 18:00 پاریس سانجێرمان بەبێ نێیمار لە گەڕی حەوتەمی لیگ1 رووبەڕووی مۆنپیلیێ دەبێتەوە.