مێسی 1771 رۆژه‌ له‌ یاریگه‌ی كامپ نوو گۆڵی نه‌كردووه‌

له‌ دوای تێكچوونی سێكوچكه‌كه‌ی MSN، مێسی سبه‌ی یه‌كه‌می یاری فه‌رمی به‌بێ نێیمار ده‌كات

مێسی یەکەم یاریی فەرمی لە دوای رۆیشتنی نێیمار و تێکچوونی سێکوچکەی ئێم ئێس ئێن ئەنجام دەدات، لیۆ کە ١٧٧١ رۆژە نەیتوانیوە لە کامپ نوو گۆڵ لە ریال مەدرید تۆمار بکات بە خەیاڵی شەش ساڵ لەمەوبەر رووبەڕووی ریال مەدرید دەبێتەوە.

لیۆنێل مێسی ١٧٧١ رۆژە نەیتوانیوە لەم یاریگەیە تۆڕی گۆڵی ریال مەدرید بهەژێنێت و دوایین جار لە بەردەم هاندەرانی یانەکەی گۆڵی لە ریال مەدرید کردبێت رۆژی ٧ـی ئۆکتۆبەری ٢٠١٢ بوو.

جامی سووپەری ئیسپانیا بۆ مێسی تایبەت دەبێت، چونکە مێسی دوای 4 ساڵ پێکەوەبوون یەکەم یاریی فەرمی بەبێ نێیمار ئەنجام دەدات و بارسێلۆنا دوای تێکچوونی سێکوچکەی ئێم ئێس ئێن رووبەڕووی یەکەم تاقیکردنەوە دەبێتەوە.

لیۆ بە تۆمارکردنی ٢٣ گۆڵ گۆڵکاری مێژوویی کلاسیکۆ و بە پێنج گۆڵیش گۆڵکاری مێژوویی کلاسیکۆی سووپەری ئیسپانیایە، بۆیە هەوادارانی بلاوگرانا بە خەیاڵی شەش ساڵ لەمەوبەر لە لیۆ دەڕوانن، کاتێک مێسی بە تۆمارکردنی سێ گۆڵ  لە یاریی چوون و گەڕانەوە سەرکردایەتی بارسای کرد بۆ سەرکەوتن بەسەر ریال مەدرید و بەدەستهێنانی جامی سووپەری ئیسپانیای ٢٠١١.

لیۆ ١٥ یاری لە مێژووی جامی سووپەری ئیسپانیا ئەنجامداوە و ١٢ گۆڵی کردووە، پێنج گۆڵیان لە تۆڕی ریال مەدرید بووە، شەش جامی سووپەری ئیسپانیای لەگەڵ بارسێلۆنا بەدەستهێناوە، بەڵام لە ٢٠١٢ گەرچی لە هەردوو یارییەکەدا گۆڵی بۆ بلاوگرانا کرد، بەڵام ریال مەدرید بە ئەنجامی هەردوو یاریی بووە سووپەری ئیسپانیا و سێ ساڵ دواتریش مێسی لەسەر دەستی ئاتلێتیک بلباو شکستیهێنا و نەیتوانی یانە کەتەلۆنییەکە بکاتە سووپەری ئیسپانیا.

مێسی لە دوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی قۆناخێکی نوێ دەستپێدەکات و جامی سووپەری ئیسپانیا دەبێتە یەکەم هەنگاوی لیۆ بۆ ئەو قۆناخە نوێیە.

بڕیاره‌ سبه‌ی یه‌كشه‌ممه‌، له‌ كاتژمێر 11:00ـی شه‌و له‌ یاریی چوونی جامی سووپه‌ری ئیسپانیا، له‌ یاریگه‌ی كامپ نوو بارسێلۆنا میوانداریی یانه‌ی ریال مه‌درید بكات.