خێراترین كاردانه‌وه‌كان له‌ باره‌ی رووداوه‌كانی نێوان كیپا و ساری

چه‌ندان ئه‌ستێره‌ی تۆپی پێ هاتنه‌ ده‌نگ

دوای ئه‌وه‌ی له‌ یاریی كۆتایی جامی كاراباو، یانه‌ی مانچێسته‌ر سیتی به‌ لێدانی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ شكستی به‌ چێڵسی هێنا، به‌ڵام رووداوه‌كه‌ی نێوان كیپای گۆڵپارێز و ماوریسیۆ ساری سۆشیاڵ میدیای هه‌ژاند و زۆرترین كاردانه‌وه‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا، جۆن تێری پشتگیری ساری ده‌كات و كیپا به‌ بێرێز وه‌سف ده‌كات.

پێش ئه‌وه‌ی ناوبژیوان فیكه‌ی كۆتایی یارییه‌كه‌ و ده‌ستپێكی لێدانه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كان لێ بدات، ماوریسیۆ ساری راهێنه‌ری چێڵسی داوای له‌ كیپای گۆڵپارێزی كرد بێته‌ ده‌ره‌وه‌ و ویلی كاپایارۆ بچێته‌ شوێنه‌كه‌ی، به‌وپێیه‌ی كاپایارۆ ئه‌زموونی زیاتره‌ و وه‌رزی رابردووش به‌ لێدانی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ نازناوێكی بۆ چێڵسی برده‌وه‌، به‌ڵام گۆڵپارێزه‌ لاوه‌ ئیسپانیاییه‌كه‌ ره‌تی كرده‌وه‌ له‌ یاریگه‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌ ئه‌مه‌ش توڕه‌بوونێكی گه‌وره‌ی ساری به‌دوای خۆیدا هێنا و سۆشیاڵ میدیاشی هه‌ژاند.

له‌ كاتی لێدانه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كان، كیپا ئه‌گه‌رچی لێدانی گه‌ڕانده‌وه‌، به‌ڵام نه‌یتوانی یانه‌كه‌ی له‌ شكست رزگار بكات، به‌مه‌ش مانچێسته‌ر سیتی بۆ دووه‌م وه‌رز له‌سه‌ریه‌ك بووه‌ پاڵه‌وانی جامی كاراباو.

گرینگترین كاردانه‌وه‌كان

ـ ماوریسیۆ ساری له‌ یه‌كه‌مین لێدوانیدا بۆ كه‌ناڵی سكای سپۆرتس، گوتی: ئه‌وه‌ی روویدا هه‌ڵه‌تێگه‌یشتن بوو، من بۆیه‌ ویستم كیپا به‌هێنمه‌ ده‌ره‌وه‌ وامزانی تووشی پێكان بووه‌ و ئازاری هه‌یه‌، كیپاش دڵنیابوو كه‌ من به‌ هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتووم، بۆیه‌ له‌سه‌ر بڕیاری خۆی سووربوو كه‌ نه‌یه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، گرینگ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ یارییه‌كی باشمان كرد.

ـ كریس ساوتن یاریزانی پێشووی ئینگلیزی هه‌ژماری خۆی له‌ تویته‌ر نووسیویه‌تی: ئێستا كاتی دوورخستنه‌وه‌ی كیپایه‌ نه‌ك ساری، ده‌بوو یاریزانه‌كان به‌ زۆری كیپایان ڕاكێشابا و فڕێیاندابایه‌ ده‌ره‌وه‌."

ـ ئه‌بوتریكه‌ هێرشبه‌ری میسری و شرۆڤه‌كاری تۆپی پێ له‌ كه‌نالی بێ ئێن سپۆرت ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر من له‌ جێگه‌ی ساری بم هه‌رگیز لێ ناگه‌ڕێم جاریكی تر كیپا له‌ یانه‌كه‌م بمێنێته‌وه‌.

ـ حه‌فیز ده‌ڕاجی بێژه‌ری وه‌رزشی: كیپا به‌ كوڕی ساری ده‌شێ، هه‌رگیز نه‌ده‌بوو ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وته‌ به‌رامبه‌ر كه‌سێكی به‌ ساڵاچووی وه‌ك ساری بكات.

ـ جۆن تێری بۆ كیپا: هه‌ر یاریزانێك هه‌ستی كرد گۆڕانكاریت پێ ده‌كرێت ده‌بێت رێز له‌ بڕیاری راهێنه‌ر بگریت و یه‌كسه‌ر بێیته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره‌ت نه‌كرد كه‌واته‌ تۆ كه‌سێكی بێرێزی.