"ئه‌م وه‌رزه ناوبژیوان بارسێلۆنای له 10 خاڵ بێبه‌ش كردووه"
به گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی موندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانیا، له‌م وه‌رزه‌ی لالیگا، یانه‌ی بارسێلۆنا به‌هۆی هه‌ڵه و بڕیاره‌كانی ناوبژیوان 10 خاڵی له‌ده‌ستداوه.
له گه‌ڕی 27ـه‌می لالیگا، یانه‌ی بارسێلۆنا سبه‌ی یه‌كشه‌ممه میوانداریی یانه‌ی ئاتڵێتیكۆ مه‌درید ده‌كات، یانه كه‌ته‌لۆنیاییه ته‌نیا 5 خاڵ له پێش یانه‌ی رۆخی بلانكۆسه كه به 61 خاڵ پله‌ی دووه‌می گرتووه.
یانه‌ی بارسێلۆنا له 26 یاری 66 خاڵی كۆكردۆته‌وه و پێشه‌نگی لالیگای گرتووه، رۆژنامه‌یه‌كی كه‌ته‌لۆنیایش ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه بارسا بۆته قوربانی ده‌ستی ناوبژیوانان.
رۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی: ماتیۆ لاهۆز له 2 یاری بارسێلۆنا به‌رامبه‌ر لاس پاڵماس و ئاتڵێتیكۆ مه‌درید له قۆناخی یه‌كه‌م به زوڵم 4 خاڵی له بارسێلۆنا به فیرۆداوه كه هه‌ردوو یارییه‌كه به یه‌كسانبوون به گۆڵێك بۆ هه‌رلایه‌كیان كۆتایی هاتووه.
رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه كه بارسێلۆنا 6 خاڵی به‌رامبه‌ر ڤالێنسیا (1 ـ 1)، سێلتا ڤیگۆ (2 ـ 2) و خیتافی (1 ـ 1) به‌هۆی هه‌ڵه‌كانی ناوبژیوانان (ئێگلێسیاس ڤیلانۆیڤا، میلێرۆ لۆپێز و فێرناندێز بۆربالان) له‌ده‌ستداوه.