به‌فه‌رمی بارسێلۆنا به‌ هه‌واڵێكی ناخۆش هانده‌رانی دڵته‌نگ كرد

سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی بارسێلۆنا له‌ یاریگه‌ی ئه‌نۆیتا هه‌واڵی ناخۆشی به‌دوای خۆیدا هێنا

یانه‌ی بارسێلۆنا به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو هه‌واڵی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی پێكانی عوسمان دێمبلی راگه‌یاند و جه‌ختی له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ بۆ 3 تا 4 هه‌فته‌ له‌ یاریگه‌كان دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، 15 جه‌نیوه‌ری 2018، بارسێلۆنا به‌ فه‌رمی له‌سه‌ر پێگه‌ی یانه‌كه‌ به‌یاننامه‌یه‌كی له‌ باره‌ی پێكانی عوسمان دێمبلی بڵاو كرده‌وه‌ و نووسیویه‌تی: له‌ یارییه‌كه‌ی ریال سوسیداد دێمبلی تووشی گرژبوونی ماسولكه‌كانی رانی چه‌پی هاتووه‌، به‌ڵام كاریگه‌ری له‌سه‌ر نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی ئه‌م دواییه‌ی یاریزانه‌كه‌ی نه‌كردووه‌ كه‌ پێشتر به‌هۆی پێكانه‌وه‌ بۆ زیاتر له‌ 2 مانگ دووركه‌وته‌وه‌.

بارسێلۆنا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ پێشبینی ده‌كرێت دێمبلی به‌هۆی ئه‌م پێكانه‌وه‌ بۆ نزیكه‌ی 4 هه‌فته‌ له‌ یاریگه‌كان داببڕێت.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌ی بارسێلۆنادا هاتووه‌ كه‌ ئه‌ندرێس ئینیێستاش هێشتا به‌ ته‌واوه‌تی له‌ پێكانه‌كه‌ چاكنه‌بۆته‌وه‌.

یانه‌ی بارسێلۆنا له‌ دوایین یاری خۆی، دوای 11 ساڵ توانی له‌ نێو یاریگه‌ی ریال سوسیداد به‌ سه‌ركه‌وتن له‌ یاریگه‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی به‌ 4 گۆڵ به‌رامبه‌ر 2 گۆڵ یارییه‌كه‌ی برده‌وه‌، له‌م یارییه‌دا عوسمان دێمبلی له‌ خوله‌كی 65 هاته‌ شوێنی پاوڵینهۆ، هه‌ڵبه‌ت ئه‌ندرێس ئینیێستا بانگهێشتی یارییه‌كه‌ كرابوو و ناوی له‌ ڕیزی یاریزانه‌ یه‌ده‌گه‌كان بوو، به‌ڵام به‌شداریی له‌ یارییه‌كه‌ نه‌كرد.

عوسمان دێمبلی و ئاندرێس ئینێستا
عوسمان دێمبلی و ئاندرێس ئینێستا