دەستپێشخەرییەکی دیکەی سەرنجڕاکێشی هاندەرانی دەربەندیخان بۆ یانەکەیان

دەربەندیخان درێسی تایبەت بە یانەکە بۆ هاندەرانی لە ئێران دروست دەکات

هاندەرانی یانەی دەربەندیخان لە دەستپێشخەرییەکی دیکەیاندا، درێسی تایبەتی یانەکەیان دەکڕن و لە یارییەکانی یانەکەیان بە درێسی یانەکەیان ئامادە دەبن.

دوای ئەوەی هاندەرانی دەربەندیخان بۆیەکەمجار لە کوردستان و جیاواز لە یانەکانی دیکە جگە لە کوڕان کچانیش ئامادەی یارییەکەیان بوون، هەفتەی رابردوو یانەکە بڕیاری دا بلیتی ئارەزوومەندانە بە هاندەرنای بفرۆشێت بۆ ئەوەی داهات بۆ یانەکە پەیدا بکات، ئەم هەفتەیەش یانەکە بڕیاری دا دریسی تایبەت بە یانەکە بە هاندەرانی بفرۆشێت بۆ ئەوەی داهاتی یانەکە زیاد بکات.

یانەی دەربەندیخان لە ئێران درێسی تایبەتی یانەکەی لە رەنگی سپی و شینی دروستکردووە و لە فرۆشگا وەرزشییەکانی شارەکە و لە بەردەم یاریگەی یانەکە دەفرۆشرێن، بۆ ئەوەی داهاتی یانەکە زیاد بکرێت، کە ئێستا یانەکە بە دۆخێکی دارایی خراپ تێدەپەڕێت و پێویستی بە پاڵپشتی هاندەرانیانە.

شنە شەماڵ و ئادێستا فایەق دوو کچە هاندەرای یانەی دەربەندیخانن کە هەموو یارییەک ئامادەی یارییەکانی یانەکەیان دەبن، لە لێدوانێکیان بۆ کوردستان24 لەبارەی ئەو دەستپیشخەرییە تازەیان، رایانگەیاند ئەوان دەیانەوێت بە کڕینی درێسی یانەکەیان لە رووی داراییەوە پاڵپشتی یانەکەیان بکەن و لە کاتی ئامادەبوونیشیان لە یارییەکانی یانەکەیان سیمایەکی جوان بە یارییەکانی یانەکەیان ببەخشن، کە هەر یارییەکی دەربەندیخان لە یاریگەی خۆی زیاتر لە شەش هەزار هاندەر ئامادە دەبێت و جگە لە کوڕان، کچانیش هانی یانەکەیان دەدەن و لە یاریگە ئامادە دەبن.

تاکو ئێستا یانەی دەربەندیخان لەوەتەی درێسەکانی لە بازاڕەکانی شارەکە خستووەتەڕوو، زیاتر لە 500 درێسی یانەکە فرۆشراوە و پێشبینیش دەکرێت لە هەفتەکانی داهاتوو ئەم ژمارەیە چەند ئەوەندە بێت.