یاریزانێکی یۆڤێنتۆس لەبارەی کارتە سوورەکەی کریستیانۆ: خۆ ئێمە ژن نین

ئایا کریستیانۆ شایستەی کارتە سوورەکە بوو؟

یاریزانێکی یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی لەبارەی کارتە سوورەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یاریی بەرامبەر ڤاڵێنسیا دەڵێت 'پێم سەیرە کارتی سوور بە کریستیانۆ درا، خۆ ئێمە ژن نین'.

ئێمری جانی ناوەڕاستکاری ئەڵمانی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی لەبارەی ئەو کارتە سوورەی لە گەڕی یەکەمی چامپیۆنزلیگ بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ درا، دەڵێت 'ئایا کریستیانۆ رۆناڵدۆ شایستەی کارتی سوور بوو؟ گوێم لێبوو گوتیان کارتە سوورەکە بەهۆی گرتنی قژی بەرگریکارەکەی ڤاڵێنسیا بووە، ئێمە ئافرەت نین، ئێمە یاریی تۆپی پێ دەکەین'.

هەروەها ناوەڕاستکارەکەی یۆڤی دەشڵێت 'ئەگەر ئەم حاڵەتەکی کریستیانۆ رۆناڵدۆ شایستەی کارتی سوور بێت، ئەوا هەموو حاڵەتێک شایستەی کارتی سوورە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ %100 شایستەی کارتی سوور نەبوو'.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا لەبارەی کارتە سوورەکەی کریستیانۆ دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە و گومان دەکرێت هێرشبەرە پۆرتوگاڵییەکە زیاتر لە یارییەک سڕ بکرێت، بەڵام یانەی یۆڤێنتۆسیش بەنیازە تانە لەو کارتە سوورە بدات، کە فیلێکس بریشی ناوبژیوانی ئەڵمانی کارتە سوورەکەی بەڕووی رۆناڵدۆ بەرزکردەوە.