عێراق دەتوانێت قەتەڕ تێبپەڕێنێت و بگاتە قۆناخی چارەکی کۆتایی جامی ئاسیا؟

گومان دەکرێت ئەحمەد یاسین و فرانس بترس بەرامبەر قەتەڕ یاریی بکەن

لە یاریگەی ئەلنهیان لە ئەبوزەبی، عێراق دوایین ئامادەکاریی بۆ یاریی بەرامبەر قەتەڕ ئەنجام دا.
عێراق پێشتر حەوت جار گەیشتووەتە قۆناخی چارەکی کۆتایی جامی ئاسیا و ئەمجارەیان بە راهێنەرایەتی سریکۆ کاتانیچ دەیەوێت بگاتەوە ئەم قۆناخە و قۆناخی 16 تێبپەڕێنێت،
سەرجەم یاریزانەکانی عێراق بەشداریی دوایین راهێنانەکانی هەڵبژاردەکەیان کرد، بەڵام گومان لە بەشداریکردنی ئەحمەد یاسینی هێرشبەر و فرانس بترسی بەرگریکار هەیە و ئەو دوو یاریزانە بەهۆی پێکانەوە بەشداریکردنیان لەم یارییەدا مسۆگەر نییە.
عێراق کە بە دووەمی کۆمەڵەی چوارەم گەیشتە قۆناخی 16، بەبێ ئەوەی هیچ یارییەک بدۆڕێنێت بلیتێکی کۆمەڵەکەی بڕی و شەش گۆڵی کرد و دوو گۆڵی لێکرا.
عێراقییەکان چاویان لە موهەنەد عەلی و هومام تارقە بۆ ئەوەی بەسەر قەتەڕ سەربکەون و خەندە بکەوێتەوە سەر لێوەکانیان.
قەتەڕیش پێش ئەوەی لەم یاریگەیە رووبەڕووی عێراق بێتەوە، لە یاریگەی ئەلنهیان دوایین راهێنانی کرد و خۆی بۆ یارییە چارەنووسازەکە ئامادەکرد.
قەتەڕ لە کۆمەڵەی پێنجەم بەبێ ئەوەی هیچ گۆڵێکی لێبکرێت، سێ بردنەوەی بەدەستهێنا و 10 گۆڵی تۆمارکرد و بە پلەی یەکەم گەیشتە قۆناخی چارەکی کۆتایی، ئیستاش قەتەڕ دەیەوێت لەسەر هەمان ریتمی قۆناخی رابردوو بڕوات و بلیتێکی چارەکی کۆتایی بەدەست بهێنێت، کە لەوێ براوەی یاریی قەتەڕ و عێراق رووبەڕووی براوەی یاریی کۆریای باشوور و بەحرەین دەبێتەوە.
قەتەڕییەکان چاویان لە تواناکانی مموعەز عەلی عەبدوڵای پێشەنگی گۆڵکارانی پاڵەوانێتییەکەی، حەوت گۆڵی کردووە و چاوی لەوەیە بەرامبەر عێراق ریکۆردی عەلی دایی بشکێنێت و ببێتە خاوەنی زۆرترین گۆڵ لە وەشانێکی جامی ئاسیا.
قەتەڕ و عێراق لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا لە مێژوو 27 جار رووبەڕوو بوونەتەوە، عێراق 11 بردنەوە و قەتەڕ 8 بردنەوەی بەدەستهێناوە و 8 جاریش یەکسانبوون.
دوایین یاریی نێوانیان لە مارسی 2018 بوو، لە یارییەکی دۆستانەدا قەتەر 3-2 لە عێراقی بردەوە، دوایین یاریی فەرمی نێوانیشیان بۆ ساڵی 2008 دەگەڕێتەوە، کاتێک لە پاڵاوتنی مۆندیالی 2010 قەتەڕ بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە عێراقی بردەوە.