ئەمڕۆ یوێفا لەسەر داوای بەشێک لە یانەکانی ئەوروپا کۆدەبێتەوە

یانە گەورەکانی ئەوروپا داوا ده‌كه‌م ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ لە شێوازی چامپیۆنزلیگ بکەن

بریارە ئەمڕۆ سێشەممە فێدراسیۆنی تۆپی پێ ئەورووپا یوێفا لەسەر داوای بەشێک لە یانە گەورەکانی ئەوروپا کۆبونەوەیەک بکات و گفتوگۆ لەسەر ئەو داواکارییانە بکات کە بەشێک لە یانە زلهێزەکانی ئەم کیشوەرە پێشکەشیان کردووە و یەکێک لە داواکارییەکانیش ئەوەیە کە یارییەکان لە شەوانی شەممە و یەکشەممە بکرێن.

لە ژێر فشاری چەند یانەیەکی گەورەی ئەوروپی بۆ گۆرانکاری کردن لە سەر شێوازی بەرێوە چوونی یارییەکانی چامپیۆنزلیگ، یوێفا بریاریداوە ئەمڕۆ سێشەممە کۆبوونەوەیەک لەسەر ئەم پێشنیارە لەگەڵ یانەکانی ئەندام لەم رێکخراوە بکات.

یانە گەورەکانی ئەوروپا، لەوانەش یۆڤێنتۆس، ریال مەدرید، بایرن میونشن، بارسێلۆنا، ئارسێناڵ و چەندین یانەی دیکە ساڵانی رابردوو هۆشدارییان داوەتە یوێفا لە ئەگەری گۆڕانکاری نەکردن لە شێوازی بەرێوە چوونی چامپیۆنزلیگ، ئەوان پاڵەوانتیەکی تایبەت بە خۆیان دەکەنەوە بە ناوی خولی سووپەری ئەورووپا، هەربۆیەش فێدراسیۆنی تۆپی پێ ئەوروپا لە ترسی ئەوەی یانە گەورەکان بایکۆتی چامپیۆنزلیگ نەکەن، قبولیان کردووە کە راوێژێک لەسەر پێشنیارەکانیان بکەن.

یەکێک لە پێشنیارەکانی یانە گەورەکان ئەوەیە کە لە داهاتوودا چامپیۆنزلیگ بە شێوەی دابەزین و سەرکەوتنی یانەکان بکرێت، بە جۆرێک ئەو یانانەی کە ساڵانێکە چانسی ئەوەیان نەبووە بەشداری ئەم پاڵه‌وانێتییه‌ بکەن، لە داهاتوودا ئەوانیش مافی بەشداری کردنیان هەبێت.

هەر 3 یانەی ئێڤەرتۆن، نیوکاسل و لیستەر سیتی ئەندامیان لە لیژنەی کاروباری جامپیۆنزلیگ یاخود یوێفادا هەیە و ئەگەری ئەوەش هەیە کە ئەم یانانە لەگەڵ ئەم پێشنیارە بن، چونکە لە داهاتوو بەشداریکردنی ئەوانیش ئاسانتر دەبێت لە چامپیۆنزلیگ.

هەروەها یەکێکی دیکە لە داواکارییەکانی یانەکانی ئەوروپا ئەوەیە کە لە بڕی سێشەممە و چوارشەممە، شەوانی شەممە و یەکشەممە یارییەکان بکرێن و کاتەکانیش بە شێوەیەک رێک بخرێن کە هەموو جیهان بتوانێت بینەری بن.