مێسی: زۆر سوودم له‌م 3 یاریزانه‌ وه‌رگرتووه‌

مێسی: له‌ لێدانی راسته‌وخۆ و پاس به‌ ته‌واوه‌تی پێگه‌یشتووم، به‌ڵام له‌ لێدانی پێناڵتی هێشتا كێشه‌م هه‌یه‌

لیۆنێل مێسی كاپتنی یانه‌ی بارسێلۆنا له‌ نوێترین دیمانه‌یه‌دا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی له‌ ڕووی پاس و لێدانی راسته‌وخۆ كامڵ و پێگه‌یشتووه‌، ده‌شڵێت: هێشتا له‌ ڕووی لێدانی پێناڵتی له‌خۆم رازی نیم و پێویسته‌ باشتر بم.

مێسی له‌ لێدوانێكدا بۆ رادیۆی كه‌ته‌لۆنیا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ زۆر سوودی له‌ لویس سوارێز وه‌رگرتووه‌، ده‌شڵێت: سوارێز له‌ نێو یاریگه‌ به‌رده‌وام فشار له‌سه‌ر تیپی به‌رامبه‌ر دروست ده‌كات، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌ت بۆ یاریزانه‌كانی دیكه‌ ده‌ڕه‌خسێنێت گۆڵ بكات.

مێسی له‌ باره‌ی چاڤی و ئینیێستا ده‌ڵێت: ئه‌م دوو یاریزانه‌ سوودێكی باشیان به‌ من گه‌یاندووه‌، یاریكردن له‌گه‌ڵ ئه‌وان زۆر ئاسان بوو، چونكه‌ هه‌موو شتێكی قورسیان، ئاسان ده‌كرد و ئه‌وان نموونه‌یان نییه‌، تا ئه‌و دووانه‌ له‌ بارسا بوون، تۆپ زۆربه‌ی كات لای یاریزانانی بارسا بوو، به‌ڵام له‌ دوای رۆیشتنی ئه‌وان تۆپ كه‌متر لای یاریزانانی بارسایه‌.

مێسی له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ له‌ نێو یاریگه‌ جۆردی ئالبا زۆرباش له‌ ئه‌و تێده‌گات، ده‌شڵێت: ئالبا زۆر وریایه‌ و زۆرباش ده‌زانێت له‌ چی كاتێك تۆپی منی پێده‌گات، ده‌شزانێت من چیم مه‌به‌سته‌، ته‌نانه‌ت به‌بێ سه‌یركردنیش ده‌زانیت من به‌ نیازی چیم و پەیوەندیەکی زۆرباش له‌ نێوانمان دا هه‌یه‌.

مێسی له‌ به‌رسیڤێكدا گوتی: له‌ ئێستادا له‌ ڕووی لێدانی راسته‌وخۆ و شێوازی تۆپ دابه‌ش كردن و پاس بۆ هاورێیه‌كانم به‌ ته‌واوه‌تی پێگه‌یشتووم، به‌ڵام نایشارمه‌وه‌ له‌ ڕووی لێدانی پێناڵتی هێشتا كێشه‌م هه‌یه‌ و پێویسته‌ باشتربم.

مێسی هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ زۆر حه‌زی به‌ سه‌یركردنی یارییه‌كانی لالیگا و خولی ئارجێنتینایه‌، ده‌شڵێت: كاتێك ته‌مه‌نم 17 ساڵان بوو، نه‌مده‌زانی به‌ دروستی له‌ كام شوێنی یاریگه‌ یاری ده‌كه‌م، له‌ ئێستاش ئاوهام له‌ زۆربه‌ی شوێنه‌كانی یاریگه‌ یاری ده‌كه‌م و به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌ ده‌وروی یاریگه‌ ده‌جولێم.

لیۆنێل مێسی له‌ ته‌مه‌نی 14 ساڵییه‌وه‌ یاری بۆ یانه‌ی بارسێلۆنا ده‌كاته‌وه‌، له‌گه‌ڵ تیپی یه‌كه‌می بارسا به‌شداریی 642 یاری كردووه‌، 556 گۆڵ و 239ـی كردووه‌.