بەڤیدیۆ.. ئینیێستا بە گریانەوە لە دوایین پەیامی بۆ هاندەرانی بارسێلۆنا چی گوت؟

ئینیێستا: هەرگیز بۆ یانەیەکی ئەوروپی یاریی ناکەم بۆ ئەوەی رووبەڕووی بارسێلۆنا نەبمەوە
kurdistan24.net

ئاندرێس ئینیێستا بە گریانەوە رایگەیاند ئەم وەرزە دوایین وەرزی دەبێت لەگەڵ بارسێلۆنا و کۆتایی ئەم وەرزە بەیەکجاریی دوای 22 ساڵ ماڵئاوایی لە یانە کەتەلۆنییەکە دەکات.

بە ئامادەبوونی زۆربەی یاریزانانی بارسێلۆنا (تەنیا لیۆنێل مێسی و لویس سوارێز و عوسمان دێمبلی بە هۆکاری تایبەتەوە ئامادە نەبوون) ئینیێستا لە پرێس کۆنفرانسێکی تایبەتدا رۆیشتنی لە بارسێلۆنا راگەیاند و دووپاتیکردەوە کۆتایی ئەم وەرزە پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەوە دەکات، بێ ئەوەی ناوی یانەکە ئاشکرا بکات، بەڵام بە گوێرەی میدیاکانی ئیسپانیا ئەو یاریزانە کەتەلۆنییە روودەکاتە ریزەکانی چۆنگکینگ لیڤانی چینی.

بەشێکی قسەکانی ئینیێستا لە پرێس کۆنفڕانسەکە:

'ئەم وەرزە دوایین وەرزم دەبێت لەگەڵ بارسێلۆنا، تاهەتایە خۆشەویستی بارسێلۆنا لە دڵمدەمێنێتەوە، بارسێلۆنا باشترین یانەیە لە جیهاندا، 22 ساڵ من لێرە ژیام و فێربووم یاریکردن لە باشترین یانەی جیهان واتە چی، کۆتایی ئەم وەرزە چیرۆکەکەم لێرە بە کۆتا دێت، لە رووی هزری و جەستەییەوە گەیشتوومەتە کۆتایی رێگاکە، من دەمەوێت بە جوانترین و باشترین وێنە ئێرە بەجێبهێڵم، من لە داهاتوودا نەمدەتوانی ئەوە پێشکەش بکەم کە بارسێلۆنا لێمی داوا دەکات، بۆیە بڕیارمدا بە بەدەستهێنانی نازناوەوە بارسێلۆنا بەجێبهێڵم.
22 ساڵ لەمەوبەر دایکم و باوکم منیان هێنایە بەردەم باڵەخانەی یانەی بارسێلۆنا و لەوکاتەوە چیرۆکەکەم دەستی پێکرد، ئێستاش ئەوان لەگەڵمدان و هاوسەرەکەشم لەگەڵمە، سوپاسیان دەکەم ئەوان لەم ماوەیە زۆر پاڵپشتیان کردم. دەمەوێت سووپاسی یانەکەم و یاریزانانی و هەموو هاوڕێیانم لێرە بکەم.
هەرگیز ئەو خۆشەویستییە لەیاد ناکەم کە هاندەرانی بارسێلۆنا بە منیان بەخشی و هەتاهەتایە لە دڵم دەمێننەوە.
من ئێستا لەگەڵ چەند یانەیەک لە گفتوگۆدام، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە ئەوروپا یاریی ناکەم چونکە نامەوێت دژی بارسێلۆنا هیچ یارییەک بکەم، ساتە خۆشەکانم لە بارسێلۆنا زۆر زۆر بوون، بەڵام یەکەم یاریم لە یانەکە خۆشترین ساتم بوو لە یانەکە.'