سۆلاری له باره‌ی یارییه‌كه‌ی سبه‌ی چی گوت؟
سانتیاگۆ سۆلاری راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید له باره‌ی یارییه‌كه‌ی سبه‌ی له جامی شای ئیسپانیا جه‌ختی له‌وه‌ی كرده‌وه كه شانازی به یاریزانه‌كانی ده‌كات، گوتیشی: ئه‌و تیپه‌ی له‌به‌رده‌ستی مندایه هه‌رگیز له كێبڕكێی نازناوه‌كان ماندوونابن و خاوه‌نی گه‌وره‌ترین جۆش و خرۆش و په‌رۆشین.
ئێواره‌ی ئه‌مرۆ سێشه‌ممه، 15 جه‌نیوه‌ری 2019، له پرێس كۆنفرانسێكدا سۆلاری له باره‌ی یارییه‌كه‌ی سبه‌ی به‌رامبه‌ر لیگانیس ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد به‌رامبه‌ر لیگانیس به‌شێوه‌یه‌ك یاری ده‌كه‌ن كه یاری چوون (0 ـ 0) كۆتایی هاتبێت، له كاتێدا ریال له یاری چوون به 3 گۆڵی بێوه‌ڵام شكستی به لیگانیس هێناوه.
سۆلاری ده‌شڵێت: ئێمه بۆ یارییه‌كه‌ی سبه‌ی به‌رامبه‌ر لیگانیش به‌شێوه‌یه‌ك یاری ده‌كه‌ین وه‌ك ئه‌وه‌ی یاری كۆتایی بێت.
سۆلاری وه‌ك هه‌میشه له باره‌ی ئیسكۆ پرسیاری لێكرا، له باره‌ی ئه‌وه‌ی به‌شداری به ئیسكۆ ده‌كات، راهێنه‌ری شایانه گوتی: پێكهاته‌یه‌كی باشمان هه‌یه و پێویسته باشترین پێكهاته بۆ ئه‌م یارییه هه‌ڵبژێرین.
له باره‌ی فرۆشتنی ئیسكۆ؟ سۆلاری گوتی: كڕین و فرۆشتنی یاریزانان په‌یوه‌ندی به منه‌وه نییه و ناتوانم وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بده‌مه‌وه چونكه ئێمه ده‌سته‌یه‌كی لێزان و باشمان هه‌یه كه ئه‌وان بڕیار له‌سه‌ر فرۆشتن و گواستنه‌وه‌ی یاریزانان ده‌ده‌ن.
سۆلاری له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا نیگه‌رانی خۆی له به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆژیای ڤار ده‌ربڕی و گوتی: ئه‌م سیسته‌مه به‌شێوه‌یه‌كی سه‌یر له‌سه‌ر ئێمه به‌كارده‌هێنرێن، ئه‌وه‌ش ئێمه‌ی دڵته‌نگ كردووه.
سۆلاری هیوای ئه‌وه‌شی خواست بۆ هه‌فته‌ی داهاتوو كه‌ریم بێنزێما به ته‌ندروستییه‌كی باش بگه‌ڕێته‌وه، ده‌شڵێت: ڤینسیۆس جۆنیۆر جارێ ته‌مه‌نی 18 ساڵه و ده‌رفه‌تی زۆری له‌به‌رده‌مه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ركی خۆی به‌شێوه‌یه‌كی نایابتر جێبه‌جێ بكات.
سۆلاری گوتیشی: ئاسێنسیۆ، كۆرتوا، لۆرێنتی ده‌ستیان به راهێنان كردۆته‌وه و هیوادارم به زووترین كات بۆ یاریكردن بگه‌ڕێنه‌وه.
سۆلاری ده‌شڵێت: یاریزانه لاوه‌كانمان خاوه‌نی هێز و توانایه‌كی گه‌وره‌ن و بۆ تیپه‌كه‌مان زۆر سوودبه‌خشن، ئه‌وان ته‌نیا پێویستیان به كات و هاوكاری یاریزانه به ئه‌زموونه‌كانی دیكه‌مان هه‌یه.
له یاری گه‌ڕانه‌وه‌ی قۆناخی 16ـی جامی شای ئیسپانیا، سبه‌ی چوارشه‌ممه له كاتژمێر 11:30ـی شه‌و له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی رووبه‌ڕووی لیگانیس ده‌بێته‌وه.