هەڕەشەی کوشتن لە خێزانی ناوبژیوانی یارییەکەی ریال مەدرید و یۆڤێنتۆس دەکرێت

پۆلیسی بەریتانیا لێکۆڵینەوە لەم کەیسە دەکات

بەشێک لە هاندەرانی یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتالی هەڕەشەی کوشتن لە خێزانی ناوبژیوانی یاریی نێوان یۆڤێنتۆس و ریال مەدرید دەکەن.

دوای ئەوەی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ مایکل ئۆلیڤەری ناوبژیوانی بەریتانی لە دوایین خولەکی یارییەکە لێدانێکی سزای بۆ ریال مەدرید هەژمارکرد و ریال مەدرید بە گۆڵێکی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ریمنتاداکەی یۆڤێنتۆسی تێکدا و گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی، هاندەران و میدیاکان و یاریزانانی یۆڤێنتۆس بە تووندی رەخنەیان لە ناوبژیوانە ئینگلیزییەکە گرت، تەنانەت جیانلویجی بۆفۆن کە بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، گوتی دەبووایە ئەو ناوبژیوانە لە پەیژەکانی یاریگەوە سەیری یارییەکەی کردبا و چپسی خواردبا، لەبری ئەوەی یارییەکە بەڕێوە ببات.

میدیاکانی بەریتانیا ئاشکرایانکردووە، بەشێک لە هاندەرانی یۆڤێنتۆس لە رێگای تویتەرەوە هەڕەشەی کوشتنیان لە لوسی هاوسەری مایکل ئۆلیڤەر کردووە، تەنانەت بەشێکیان ژمارەی مۆبایلەکەیان پەیداکردووە  و لە رێگای نامەوە هەڕەشەیان لێی کردووە و پۆلیسی بەریتانیا دەستی بە لێکۆڵینەوە لە کەیسی هاوسەرەکەی ناوبژیوانە بەریتانییەکە کردووە، کە بەهەمان شێوە خێزانەکەشی ناوبژیوانی تۆپی پێیە و یاریی خانمان بەڕێوە دەبات.

هەڕەشەی هاندەرانی یۆڤێنتۆس لە لوسی
هەڕەشەی هاندەرانی یۆڤێنتۆس لە لوسی