زیدان بۆ ریال مەدرید بووەتە خێروبەرەکەت

تێجووی سەردەمی یاریزانییەتی خۆی بە زیادەوە گەڕاندووەتەوە

K24- هەولێر

زینەدین زیدان لە سەردەمی راهێنەرایەتیکردنی ریال مەدریددا تەنیا بە 18 مانگ تێچووی کڕینی خۆی لە سەردەمی یاریزانییەتی بەزیادەوە بۆ ریال مەدریدی ئیسپانی گەڕاندووەتەوە.

زیدان کە هاوینی 2001 بە گرێبەستێکی پێوانەیی بەرامبەر 75 ملیۆن یۆرۆ لە یۆڤێنتۆسی ئیتاڵییەوە گواسترایەوە ریزەکانی ریال مەدریدی ئیسپانی، لە دوو وەرزی رابردوودا وەکو راهێنەری یانە ئیسپانییەکە قەرەبووی ئەو پارەیەیە کردەوە کە مێرێنگی لە سەردەمی یاریزانبوونیدا لەپێناوی خەرجکردبوو. زیدان لە دوو وەرزی رابردوو بە بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ 83,7 ملیۆن یۆرۆ داهاتی بۆ یانەکە بەدەستهێنا.

زیدان لە وەرزی 2015/2016 بە بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ 29,5 ملیۆن یۆرۆی بۆ ریال مەدرید بەدەستهێنا، وەرزی رابردووش 54,2 ملیۆن یۆرۆی بۆ لۆس بلانکۆس کۆکردەوە، بەمەش زیزۆ  لە ماوەی یاریزانبوون و راهێنەراێتیدا 8,7 ملیۆن یۆرۆ قازانجی بۆ ریال بەدەستهێناوە.

زیدان یەکەم کەسە لە مێژووی چامپیۆنزلیگ وەکو یاریزان، یاریدەدەری راهێنەر و راهێنەر ببێتە پاڵەوانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا.