کاتێک مێسی لێدانی راستەوخۆ جێبەجێ دەکات یاریزانانی بارسێلۆنا چیدەکەن؟

ئیڤان راکیتیچ بۆیەکەمجار نهێنییەکی یاریزانانی بارسێلۆنا ئاشکرا دەکات

کاتێک لێدانی راستەوخۆ لە دەوروبەری ناوچەی سزا بۆ بارسێلۆنا هەژمار دەکرێت، یاریزانانی یانەکە ئەوەندە متمانەیان بە لیۆنێل مێسی هەیە یەکسەر بیر لە ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی گۆڵکردن دەکەنەوە.

ئیڤان راکیتیچی ناوەڕاستکاری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی لە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی لەبارەی لێدانە راستەوخۆیەکانی مێسییەوە دەڵێت 'کاتێک ئێمە لێدانێکی راستەوخۆمان بۆ دەڕەخسێت و مێسی جێبەجێی دەکات، وایلێهاتووە سەرجەم یاریزانەکانی بارسێلۆنا بیر لەوە بکەینەوە چۆن بەبۆنەی گۆڵکردنەوە ئاهەنگ بگێڕین، چونکە هەموومان متمانەی تەواومان بە مێسی هەیە و دەزانین رێژەی گۆڵکردنی لێدانە راستەوخۆیەکانی لیۆ زۆرە'.

مێسی شەوی سێشەممە بەرامبەر ئایندهۆڤن بە لێدانێکی راستەوخۆ گۆڵێکی کرد و هاتریکی لەو یارییەدا کرد، کە لیۆ بووە یەکەم یاریزان لە ساڵێکدا 8 گۆڵ بە لێدانی راستەوخۆ تۆمار بکات و لێدانە راستەوخۆیەکانی ئەو هێرشبەرە ئارجێنتینییە زۆر مەترسیدارن، تەنانەت بەشێک لە هاندەرانی یانەکە لێدانە راستەوخۆیەکانی مێسییان لە لێدانە سزایەکان پێ مەترسیدارترە.

لیۆنێل مێسی وەرزی رابردوو 7 گۆڵی بە لێدانی راستەوخۆ بۆ بارسێلۆنا کردووە، ئەم وەرزەش تاکو ئێستا دوو گۆڵی بە لێدانی راستەوخۆ بۆ بلاوگرانا کردووە.