محه‌مه‌د سه‌ڵاح به باشترین یاریزان ده‌ستنیشان كرا
ئه‌ستێره‌ی میسری، محه‌ممه‌د سه‌ڵاح له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی یاریزانه پیشه‌گه‌ره‌كان به باشترین یاریزانی مانگی رابردووی پرێمه‌رلیگ ده‌ستنیشانكرا.
سه‌ڵاح له مانگی نۆڤێمبه‌ری رابردوو له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی له چه‌ند یارییه‌كدا سه‌ركردایه‌تی سه‌ركه‌وتنی رێدزی كرد، ئه‌م یاریزانه ژماره‌ی گۆڵه‌كانی له پرێمه‌رلیگ بۆ 12 گۆڵ به‌رزكرده‌وه و تا ئێستا پێشه‌نگی گۆڵكارانی خوله‌كه‌ی گرتووه.
ئاسته به‌رزه‌كه‌ی سه‌ڵاح وایكرد رابیته‌ی یاریزانه پیشه‌گه‌ره‌كانی ئینگڵاند، ئه‌و یاریزانه‌ی وه‌ك باشترینی مانگی رابردوو خه‌ڵات بكات.
سه‌ڵاح جگه له لیڤه‌رپوول سه‌ركردایه‌تی هه‌ڵبژارده‌ی وڵاته‌كه‌ی كرد له گه‌یشتن به مۆندیال كه28 ساڵه لێ دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه.
محه‌مه‌د سه‌ڵاح، پێشتر له یانه‌ی بازلی سویسرا ده‌ركه‌وت، دواتر روویكرده یانه‌ی چێڵسی، پاشان په‌یوه‌ندی به یانه‌ی رۆما كرد، له هاوینی رابردوو به 34 ملیۆن پاوه‌ند ئیتاڵیای به‌ره‌و لیڤه‌رپوول جێهێشت و ئه‌م وه‌رزه‌ش به 12 گۆڵ پێشه‌نگی گۆڵكارانی پرێمه‌رلیگی گرتووه و خاوه‌نی زۆرترین ئه‌سیست له‌سه‌ر ئاستی یانه‌كه‌ی.