"رۆیشتنی ئالێكسیس سانچێز بۆ مانچێسته‌ر یونایتد یه‌كلایی بووه‌وه"
به گوێره‌ی میدیاكانی بریتانیا، رۆیشتنی ئالێكسیس سانچێز له یانه‌ی ئارسێناڵه‌وه بۆ مانچێسته‌ر یونایتد یه‌كلایی بۆته‌وه، راگه‌یاندنه فه‌رمییه‌كه‌ی ته‌نیا به‌هۆی هێنریك میختاریان دواكه‌وتووه كه بڕیاره ئه‌و هێرشبه‌ره‌ش له ئارسێناڵ ببێته شوێنگره‌وه‌ی هێرشبه‌ره چیللییه‌كه.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، 17 جه‌نیوه‌ری 2018، پێگه‌ی ده‌یلی مه‌یلی بریتانیا، ئاشكرای كردووه كه ئالێكسیس سانچێز له‌گه‌ڵ یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد به گرێبه‌ستێكی چوار ساڵ و نیوی به به‌های 14 ملیۆن پاوه‌ند رێككه‌وتووه.
به گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه، هه‌موو شتێك كۆتایی هاتووه و ئێستا سانچێز چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌كات كه هێنریك میختاریان مانچێسته‌ر یونایتد جێبهێڵێت كه پێشبینی ده‌كرێت به ئاراسته‌ی ئارسێناڵ هه‌نگاو بنێت.
ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه كه یانه‌ی مانچێسته‌ر سیتی و چێڵسی بۆ گواستنه‌وه‌ی سانچێز له‌سه‌ر هێڵن، به‌ڵام هیچ كامێكیان به ئه‌ندازه‌ی خۆزێ مۆرینهۆ هه‌وڵی بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌م هێرشبه‌ره چیللییه‌ی پێشووی بارسێلۆنا نه‌داوه.
سانچێزی ته‌مه‌ن 29 ساڵ، له هاوینی 2014 به به‌های 30 ملیۆن یۆرۆ له بارسێلۆناوه روویكرده ئارسێناڵ، سانچێز له‌گه‌ڵ یانه له‌نده‌نییه‌كه به‌شداریی له 168 یاری كردووه و 80 گۆڵ و 46 ئاسیستی هه‌بووه.