یانه‌ی ریال مه‌درید ده‌بێته‌ پاڵه‌وانی لالیگا؟

به‌ڵگه‌كان ده‌یسه‌لمێنن سه‌ره‌ڕای جیاوازی خاڵه‌كان ریال مه‌درید لالیگا ده‌باته‌وه‌

دوای تێپەربوونی 12 گەڕ بەسەر یارییەکانی لالیگای ئیسپانیا، جیاوازی خاڵەکانی نێوان بارسێلۆنا و مێرێنگێ 10 خاڵە، پرسیارە راستەقینەکە ئەوەیە کێ لەو باوەڕەدابوو وابەئاسانی جیاوازییەکە بگاتە ئەو ژمارەیە، یان سووپەری ئیسپانیا فێڵێک بوو لە ریال مەدرید کرا، بۆ لەخۆبای بوونی یاریزانەکانی، یان ریال قسەیەکی دیکەی ھەیە و دەتوانێ ببێتە براوەی لالیگا بەو دەستپێکە خراپەوە، پێدەچێت کارێکی ئەستەم بێت، مێژووش بەڕوونی پێمان دەڵێت کە کارێکی زەحمەتە بەو ئاستە خراپەی یاریزانەکان پاشاکان ببنە پاڵەوان.

زاڵبوون بەسەر جیاوازی 10 خاڵ، زۆر قوڕسە و ئاسان نییە، بە تایبەتیش رکابەرەکەت بلاوگرانا بێت، بەڵام تۆپی پێ مەحاڵ ناناسێت، ھەر ئەوەشە وادەکات تۆپی پێمان خۆش بوێت.

 ترووسکەیەکی روناکی ھیوا بۆ مەدریدیەکان ھەیە، ئەگەر سەیری دوو وەرزی پێشئێستای لالیگا بکەین، لە گەڕی 29 خولەکە جیاوازی نێوان ریال  و بارسا 12 خاڵ بوو، بەڵام دوای 4 یاریی جیاوازییەکە کەم بۆوه‌ بۆ تەنیا خاڵیک، زێدان توانی 11 خاڵ لەگەڵ لویس ئێنریکی کەم بکاتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا بارسا پارێزگاری لەو تاکە خاڵە کرد و بووە پاڵەوان.

ئێستا جیاوازییەکە 10 خاڵە، 26 گەڕی یاریی کردنیان ماوە، بەڵام دەبێ ئەوە بزانین باردۆخ لە ھەردوو تیپەکە گۆرانکاری بەسەر داھاتووە، ئێستا ئێنریکی نەماوە، بارساش لە یارییە ئاسانەکان خاڵ بە فیرۆ نادات، کەچی ریال زۆر بەخشندەیە وەک ھێرش بەرەکەی خاڵ دەبەخشێتەوە، بەمەش ناتوانێ جیاوازی خاڵەکان کەم بکاتەوە.

ئایا بارسێلۆنا لە ئێستەوە بۆتە براوەی خولەکە؟ نەخێر ناتوانین ئەمە رایگەینین، ئەی ئەگەر ھاتوو رۆناڵدۆ گەرایەوە ئاستی راستەقینەی خۆی و ھاوکارییەکانی بێنزێمای پێگەشت و لە گواستنەوەی زستانەش مێرێنگێ گرێبەستی لەگەڵ ئەو یاریزانەنەدا مۆرکرد کە بۆ تیپەکەی زیزۆ پێویستی ھەنووکەین، ئەو کات رەنگە بارودۆخەکە بەلای پاشاکاندا بشکێتەوە.

لە کۆتاییدا بۆ ئەوەی  چێژ و خۆشی ململانێکردنی لالیگا لە دەست نەدین، با باوەڕمان بەو بۆچوونە ھەبێت کە دەڵیت ھیچ شتێک لە تۆپی پێدا مەحال و ئەستەم نییە.

ئامادەکردنی: بارزان ئەکرەم