'نێیمار لە بارسێلۆنا دەمێنێتەوە'
K24- هەولێر
پۆستێکی جیرارد پیکێ لە ئینستاگرام ئاهێكی بە بەر دڵی هاندەرانی بارسێلۆنا هێنایەوە و خەریکە ئەو زنجیرە درامایەی بۆ ماوەی چەند رۆژێک دڵی هاندەرانی بلاوگرانای تەنگ کرد، بۆ کەتەلۆنییەکان بەخۆشی کۆتایی دێت.پیکێ لە ئینستاگرامی خۆی لە پاڵ وێنەیەکی خۆی و نێیمار نووسیویەتی 'دەمێنێتەوە' و هاندەرانی یانەکەی لە مانەوەی نیمۆ لە کامپ نوو دڵنیاکردووەتەوە.
پۆستەکەی پیکێ بووەتە مانشێتی ئەمڕۆی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی و ئەو رۆژنامەیە لە رووپەڕی ئەمڕۆیدا وێنەکەی نێیمار و پیکێی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی دەمێنێتەوە.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆش وێنەکەی پیکێ و نێیماری بڵاوکردووەتەوە و ئەو رۆژنامە کەتەلۆنییەش پۆستەکەی پیکێی کۆپی پەیست کردووە و نووسیویەتی 'دەمێنێتەوە'.
گەرچی دوای یارییەکەی بارسێلۆنا و یۆڤێنتۆس کۆبوونەوەکەی باوکی نێیمار و بەرپرسانی بارسێلۆنا هیچ ئەنجامێكی دڵخۆشکەری بۆ هەودارانی بارسا پێنەبوو، بەڵام ئەستێرەکانی یانە ئیسپانییەکە بە سەرکردایەتی پیکێ و مێسی و سوارێز هەوڵیان داوە یاریزانە بڕازیلییەکەی یانەکەیان رازی بکەن ئۆفەرە خەیاڵییەکەی پاریس سانجێرمان رەتبکاتەوە و لە بارسێلۆنا بمێنێتەوە.
رۆژنامەی سپۆرت ئاشکرایکردووە، نێیمار بە مانەوەی لە بارسێلۆنا رازی بووە و بە هاوڕێکانی لە بارسێلۆنا گوتووە ناچێتە پاریس سانجێرمان، بەڵام هێشتا باوکی ئامادە نییە هیچ شتێک بدرکێنێت و میدیاکانی کەتەلۆنیا ترسیان لەوە هەیە نێیمار بە قسەی باوکی بکات و بە ئۆفەرەکەی پاریس سانجێرمان رازی بێت، چونکە باوکی داوای لێکردووە گوێ بە قسەکانی ژووری جڵگۆڕینی بارسێلۆنا نەدات و مامەڵەی بەپرسانی بارسێلۆنای لەگەڵ دانی ئالڤێسی هاونیشتیمانی وەکو کەرەستەیەک بۆ رازیکردنی نێیمار بەکارهێناوە، تاکو پارە خەیاڵییەکەی نێیمار رەتنەکاتەوە.