نێیمار بە گرێبەستێکی مێژوویی دەبێتە یاریزانی پاریس سانجێرمان

K24- هەولێر

رۆژ بە رۆژ هاندەرانی بارسێلۆنا ترسی لەدەست دانی نێیمار داسێلڤایان زۆرتر دەبێت.
تەنانەت خەریکە لە کەتەلۆنیاش دەگەنە ئەو بڕوایەی دەنگۆی رۆیشتنی نێیمار بۆ پاریس سانجێرمان دەبێتە راستی.
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی لە ژمارەی ئەمڕۆ شەممەیدا، لە پاڵ وێنەیەکی نیمۆ لە رووپەڕی رۆژنامەکەیدا نووسیویەتی 'گەورەترین گرێبەستی گواستنەوە لە مێژوودا'.
رۆژنامە کەتەلۆنییەکە نووسیوتەی، نێیمار بەرامبەر 222 ملیۆن یۆرۆ کە نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەیەتی لەگەڵ بارسێلۆنا، بۆ ماوەی پێنج وەرز دەچێتە پاریس سانجێرمان و ساڵانە 30 ملیۆن یۆرۆ وەکو مووچە وەردەگرێت و نیمۆش وەکو پاداشتێک بۆ رازی بوونی بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبسەتەکەی لەگەڵ بارسا 100 ملیۆن یۆرۆ پاداشت وەردەگرێت.

رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی

نێیمار لە فڕەنساش هەمووانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە و رۆژنامەی لۆ پاریزیانی فڕەنسی لە رووپەڕی ئەمڕۆ چوارشەممەدا نووسیویەتی' نێیمار ئۆکەی بە پاریس داوە و تەنیا ماوە گرانبەهاترین گرێبەستی مێژوو ئاشکرا بکرێت.
هەروەها رۆژنامە فڕەنسییەکە نووسیویەتیشی نیمۆ بە چەند یاریزانێکی هاوڕێی بارسێلۆنای گوتووە کە دەچێتە پاریس سانجێرمان.
بەگوێرەی دوایین سەرچاوەکانی میدیا فڕەنسییەکان، نێیمار پێش رۆژی چوارشەممە دەیەوێت گرێبەستە بۆمبئاسایەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان بەفەرمی رابگەیەنێت و چاوەڕێ دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوو باوکی نێیمار بچێتە پاریس و وردەکارییەکانی گرێبەستەکەی کوڕەکەی یەکلا بکاتەوە.
رۆیشتنی نیمۆ لە پاریس سانجێرمان سەری لە بەرپرسانی بارسێلۆنا شێواندووە، تەنانەت رۆژنامەی سپۆرت ئاشکرایکردووە، بارسا سەرجەم ئەو گفتوگۆیانەی وەستاندووە، کە بۆ کڕینی یاریزانی نوێ دەیکات و دەیەوێت جارێک تەنیا هەوڵ بۆ هێشتنەوەی نێیمار بدات.

رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی لۆ پاریزیانی فڕەنسی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی لۆ پاریزیانی فڕەنسی