ئۆزیل له گواستنه‌وه‌ی زستانه ده‌بێته یه‌كه‌م گرێبه‌ستی نوێی بارسێلۆنا
به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی راگه‌یاندنی نزیك له یانه‌ی بارسێلۆنا مه‌سعوود ئۆزیل ده‌بێته یه‌كه‌مین گرێبه‌ستی گواستنه‌وه‌ی زستانه‌ی یانه‌ی بلاوگرانا.
رۆژنامه‌ی موندۆ دیپۆرتیڤۆی كه‌ته‌لۆنیا، له چاپی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، 21 نۆڤێمبه‌ری 2017، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی ئۆزیل گفتووگۆیه‌كانی له‌گه‌ڵ كارگێرانی بارسێلۆنا ده‌ستپێكردووه به 17 ملیۆن پاوه‌ند رێككه‌وتن له نێوان هه‌ردوولا دروست بووه.
به گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه، بارسێلۆنا له گواستنه‌وه‌ی كۆتینهۆ كشاوه‌ته‌وه، چونكه ئه‌و یاریزانانه ناتوانێت ئه‌م وه‌رزه له چامپیۆنزلیگ بۆ بارسێلۆنا یاری بكات، به‌وپێیه‌ی له‌گه‌ڵ لیڤه‌رپوول به‌شداریی له هه‌مان پاڵه‌وانێتی كردووه.
سه‌رچاوه‌كه روونیكردۆته‌وه، بارسێلۆنا ئۆزیلی كردۆته شوێنگره‌وه‌ی كۆتینهۆ، به‌وپێیه‌ی ئۆزیل ئه‌م وه‌رزه ته‌نیا له یۆرۆپالیگ یاری كردووه و مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه له‌گه‌ڵ یانه‌یه‌كی دیكه‌ی جیاواز به‌شداریی له چامپیۆنزلیگ بكات.
به گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه، ئێركوت سۆت به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی ئۆزیل له‌گه‌ڵ پێپ سێگیرای به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بارسێلۆنا گه‌یشتۆته رێككه‌وتن كه له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی ده‌رگه‌ی گواستنه‌وه‌ی زستانه ئۆزیل بگه‌ڕێته‌وه لالیگا و درێسی بارسا بپۆشێت.
مه‌سعوود ئۆزیل له 2010 نزیك بوو له‌وه‌ی به بڕی 8 ملیۆن یۆرۆ په‌یوه‌ندی به بارسێلۆنا بكات، به‌ڵام به‌هۆی هه‌بوونی چاڤی هێرناندێز و ئاندریس ئینیێستا گواستنه‌وه‌ی ئه‌م یاریزانه شكستی هێنا، دواتر مۆرینهۆ راهێنه‌ری ئه‌وكاتی ریال مه‌درید ئۆزیلی له یانه‌ی ڤێرده‌ربرێمن گواستنه‌وه، به‌ڵام دوای 3 وه‌رز ئۆزیل په‌یوه‌ندی به ئارسێناڵ كرد و له كۆتایی ئه‌م وه‌رزه‌ش گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یانه له‌نده‌نییه‌كه كۆتایی دێت.