ڤیدیۆ.. مۆرینهۆ: بۆیە ئەم ئاماژەیەم کرد ویستم دەنگی بەرزی هاندەرانی یۆڤێنتۆس ببیستم

مۆرینهۆ: بە درێژایی یارییەکە هاندەرانی یۆڤێنتۆس سووکایەتییان پێمکرد، بەڵام من دڵی هاندەرانی ئینتەر میلانم خۆشکرد

دوای یارییەکەیان خۆزێ مۆرینهۆی راهێنەری مانچێستەر یونایتد هۆکاری هەڵسەوکەوتەکەی بەرامبەر هاندەرانی یۆڤێنتۆس ئاشکراکرد و ماسیمیلیانۆ ئەلێگری راهێنەری یۆڤێنتۆسیش رایگەیاند، ئەوان یارییەکی زۆر گرنگیان نەدۆڕاندووە.

خۆزێ مۆرینهۆ دوای یارییەکە رایگەیاند، 'ئێمە ئاستێکی بەرزمان پیشکەشکرد و توانیمان سەرکەوتنێکی گرن بەدەست بهێنین، ئەم سەرکەوتنە بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو، چونکە لە یانەیەکی وەکو یۆڤێنتۆسمان بردەوە کە دەیان یاریزانی بە توانای هەیە، یۆڤێنتۆس یانەیەکی بەهێزە و دەیەوێت هەموو شتێک بەدەست بهێنێت، ئەوان کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆناردۆ بۆنۆچیان هەیە، کریستیانۆ گۆڵێکی نایابی کرد و بۆنۆچیش کە دڵی بەرگرییە، گۆڵێکی جوانی دروستکرد'.
هەروەها مۆرینهۆ گوتیشی 'من سووکایەتیم بە هیچ کەسێک نەکردووە، بەڵکو هاندەرانی یۆڤێنتۆس بۆ ماوەی ٩٠ خولەک سووکایەتیان بە من دەکرد، دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە من بە ئاماژەیەکی بچووک پێمگوتن کە دەمەوێت دەنگیان بە بەرزی ببیستم، لەوانەیە پێویستبا من ئەم هەڵسوکەوتەم نەکردبا، بەڵام ئەوان سوکایەتیان بە خێزانەکەم کرد، ئەمەش لەلای من جێگای قبووڵکردن نییە، ئێمە یاریی کۆتاییمان بەرامبەر یەنگ بۆیز هەیە و پێویستە لە ئۆلدترافۆرد سەرکەوتن بەدەست بهێنین'.

خۆزێ مۆرینهۆ، بەڕێوەبەری هونەری مانچێستەر یونایتد
خۆزێ مۆرینهۆ، بەڕێوەبەری هونەری مانچێستەر یونایتد

ماسیمیلیانۆ ئەلێگری، راهێنەری یۆڤێنتۆس لەبارەی یارییەکەیان گوتی 'نازانم خۆزێ مۆرینهۆ دویا کۆتایی هاتنی یارییەکە چیکردووە، چونکە راستەوخۆ دوای ماڵئاوایی کردن من یاریگەم بەجێهێشت، ناتوانم بڵێم هەڵسوکەوتەکەی دروستە یان هەڵەیە، من زوو یاریگەم بەجێهێشت، چونکە بۆیەکەمجار لەم وەرزە تووشی شکس بووین، پێویستە بەئاگا بێینەوە و هەڵسەنگاندن بۆ خۆمان بکەین و بەخۆماندا بچینەوە، بەڵام ئەم دۆڕانە بەلای منەوە ئەوەندە گرنگ نەبوو.