ئه‌نجامی یارییه‌كانی ئه‌مڕۆ ململانێی بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه‌ی گه‌رمتر كرد
له گه‌ڕی سێزده‌یه‌می خولی نایابی كوردستان 4 یاری به‌ڕێوه چوون، یانه‌ی هه‌ولێر درێژه‌ی به ئه‌نجامه باشه‌كان دا و شكستی به یانه‌ی هه‌ندرێنی پێشه‌نگ هێنا، یانه‌ی زێره‌ڤانیش ئه‌نجامێكی گه‌وره‌ی تۆمار كرد و برینه‌كانی شێروانه‌ی قوڵتر كرده‌وه، له یارییه‌كی دراماتێكیشدا ئارارات و نه‌ورۆز خاڵه‌كانیان له نێوان خۆیاندا دابه‌ش كرد.
هه‌ولێر ـ هه‌ندرێن
ئه‌م یارییه له یاریگه‌ی یه‌كه‌می فره‌نسۆ هه‌ریری به‌ڕێوه چوو، له گێمی یه‌كه‌م یانه‌ی هه‌ولێر له رێگه‌ی دانا عوسمانی هێرشبه‌ری به گۆڵێك پێشكه‌وت، ئه‌مه‌ش چواره‌مین گۆڵی ئه‌و یاریزانه بوو له‌م وه‌رزه.
یانه‌ی هه‌ولێر له گێمی دووه‌م برینه‌كانی هه‌ندرێنی قوڵتر كرده‌وه كاتێك له خوله‌كانی كۆتایی یوونس شوكر گۆڵی دووه‌می بۆ زه‌ردپۆشه‌كان تۆمار كرد.
پاشان له هه‌ڵه‌یه‌كی دیدار حامیدی گۆڵپارێزی یانه‌ی هه‌ولێر، هه‌ندرێن گۆڵێكی تۆمار كرد و جیاوازییه‌كه‌ی كه‌مكرده‌وه، به‌ڵام نه‌یتوانی ئه‌نجامه‌كه یه‌كسان بكاته‌وه.
به‌م ئه‌نجامه‌ش یانه‌ی هه‌ولێر به 2 گۆڵ به‌رامبه‌ر تاكه گۆڵێك یارییه‌كه‌ی برده‌وه و تۆڵه‌ی شكسته‌كه‌ی قۆناخی یه‌كه‌می له هه‌ندرێن كرده‌وه.
یانه‌ی هه‌ندرێن به 21 خاڵ له پێشه‌نگی خوله‌ك مایه‌وه و له ململانێكردنی ناسناو به‌رده‌وامه و ده‌یه‌وێت هه‌مان سیناریۆی وه‌رزی 2010 ـ 2011 دووباره بكاته‌وه كاتێك بۆ یه‌كه‌مجار ناسناوه‌كه‌ی برده‌وه.
له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی هه‌ولێر كه هه‌ڵگری 3 ناسناوی خولی نایابه، ئه‌م وه‌رزه به سه‌ره‌تایه‌كی خراپ ده‌ستیپێكرد، به‌ڵام دوای گۆڕینی 2 راهێنه‌ر و هاتنی عه‌لی وه‌هابی راهێنه‌ر یانه‌كه ئاستی به‌ره‌و جێگیربوون ده‌ڕوات و ورده ورده به‌ره‌و پله‌كانی پێشه‌وه هه‌ڵده‌كشێت و له ئێستادا خاڵه‌كانی بۆ 17 خاڵ به‌رز كرده‌وه و له پله‌ی پێنجه‌م مایه‌وه و هیوای ململانێكردنی ناسناوه‌كه‌ی بۆ زیندووبووه‌وه.
له دوایین 7 یاری نێوان ئه‌م دوویانه‌یه، هه‌ولێر 3 یاری بردۆته‌وه و هه‌ندرێنیش 2 سه‌ركه‌وتنی هه‌یه و 2 یاریش به یه‌كسانبوون كۆتایی هاتووه.
زێره‌ڤانی ـ شێروانه
یانه‌ی شێروانه له گه‌رمیانه‌وه بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی زێره‌ڤانی روویكرده شاری دهۆك، ئه‌م دوویانه‌یه له قۆناخی یه‌كه‌م به یه‌كسانبوون به‌بێ گۆڵ خاڵه‌كانیان له نێوان خۆیاندا دابه‌ش كرد، به‌ڵام له یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ زێره‌ڤانی له نێو یاریگه‌ی خۆی میوانه‌كه‌ی بێ ئومێد كرد و به 3 گۆڵ به‌رامبه‌ر تاكه گۆڵێك یارییه‌كه‌ی برده‌وه.
له خوله‌كی 2ـی ده‌ستپێكی یارییه‌كه ئاراز كه‌لاری تۆڕی یانه‌ی شێروانه‌ی هه‌ژاند، به‌ڵام وه‌ك وه‌فایه‌ك بۆ یانه‌كه‌ی پێشووی ئاهه‌نگی نه‌گێرا.
دواتر شێروانه له رێگه‌ی عه‌لی كاكه‌مینه وه‌ڵامی زێره‌ڤانی دایه‌وه و ئه‌نجامه‌كه‌ی یه‌كسان كرده‌وه، ئه‌مه‌ش دووه‌مین گۆڵی ئه‌و یاریزانه بوو له‌م وه‌رزه.
پێش ئه‌وه‌ی فیكه‌ی كۆتایی گێمی یه‌كه‌م لێ بدرێت، تیاگۆ ئامارالی به‌رازیلی به تۆماركردنی گۆڵێك یانه‌ی زێره‌ڤانی پێشخسته‌وه.
دواتر له خوله‌كی 84ـی یارییه‌كه، تیاگۆی به‌رازیلی گه‌ڕایه‌وه گۆڵی دووه‌می خۆی له یارییه‌كه و سێیه‌می زێره‌ڤانی تۆمار كرد و به‌ته‌واوه‌تی یانه كه‌لارییه‌كه‌ی له راستكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كه بێهوا كرد، ئه‌مه‌ش شه‌شه‌مین گۆڵی ئه‌و یاریزانه به‌رازیلییه بوو له‌م وه‌رزه، به‌مه‌ش به پێشه‌نگی گۆڵكارانی خوله‌كه‌ی به ئامانج ئه‌كره‌می هێرشبه‌ری هه‌ندرێن چۆل كرد كه خاوه‌نی پێنج گۆڵه له‌م وه‌رزه.
له دوایین 11 یاری نێوانیان، زێره‌ڤانی 4 یاری بردۆته‌وه و 3 شێروانه سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه و 4 یاریش به‌یه‌كسانبوون كۆتایی هاتووه.
یانه‌ی زێره‌ڤانی ئه‌م وه‌رزه به 16 خاڵ خانه‌ی چواره‌می گرتووه، له به‌رامبه‌ردا شێروانه 9 خاڵ له خانه‌ی پێشكۆتایی دێت و هه‌ڕه‌شه‌ی ماڵئاواییكردنی له خوله‌كه له‌سه‌ره.
زاخۆ ـ برایه‌تی
یانه‌ی زاخۆ له نێو یاریگه‌ی خۆی میوانداریی برایه‌تی كرد و یارییه‌كه به یه‌كسانبوون به‌بێ گۆڵ كۆتایی هات، یانه‌ی زاخۆ له‌م یارییه‌دا نه‌یتوانی تۆڵه‌ی شكسته قورسه‌كه‌ی قۆناخی یه‌كه‌م له یانه‌ی برایه‌تی بكاته‌وه.
یانه‌ی برایه‌تی به 19 خاڵ بۆ خانه‌ی چواره‌م دابه‌زی، له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی زاخۆ به 12 خاڵ له خانه‌ی حه‌وته‌می ریزبه‌ندی خوله‌كه مایه‌وه.
ئارارات ـ نه‌ورۆز
یانه‌ی نه‌رۆز له شاری سلێمانییه‌وه هات و له به‌رزاییه‌كانی پیرمام رووبه‌ڕووی ئارارات بووه‌وه، یارییه‌كه‌ش به یه‌كسانبوون به گۆڵێك بۆ هه‌رلایه‌كیان كۆتایی هات.
له گێمی یه‌كه‌م به‌بێ ئه‌وه‌ی تۆڕی یه‌كتر بهه‌ژێنێن له یاریگه هاتنه ده‌ره‌وه، به‌ڵام رووداوه گه‌وره‌كانی له 5 خوله‌كی كۆتایی یارییه‌كه روویدا، كاتێك ئیمانوێل ئیڤوا له خوله‌كی 86 به‌ربه‌ستی یه‌كسانبوونی شكاند و گۆڵی پێشكه‌وتنی ئاراراتی تۆمار كرد، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی ناوبژیوان فیكه‌ی كۆتایی یارییه‌كه لێ بدات، كامه‌ران عه‌لی ئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ نه‌ورۆز یه‌كسان كرده‌وه.
ئارارات له‌م یارییه نه‌یتوانی دۆخی شكسته‌كه‌ی هه‌ندرێن پێشه‌نگ بقۆزێته‌وه به بردنه‌وه بگه‌ڕێته‌وه پێشه‌نگ.
ئارارات به 20 خاڵ له پله‌ی دووه‌می ریزبه‌ندی خولی نایاب مایه‌وه، له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی نه‌ورۆز كه ئه‌م وه‌رزه خراپترین ریكۆردی تۆمار كردووه به 7 خاڵ له دوایین خانه‌ی ریزبه‌ندییه‌كه نه‌جوولا.