ئەگەر کەتەلۆنیا سەربەخۆیی رابگەیەنێت مێسی و 5 ئەستێرەی دیکە بارسێلۆنا بەجێدەهێڵن

یاریزان و کەسایەتییە وەرزشییەکانی کەتەلۆنیا پێداگیری لەسەر جیابوونەوەیان لە ئیسپانیا دەکەن

K24- هەولێر

کەتەلۆنییەکان رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر پێداگیرییان لەسەر سەربەخۆیی دووپات دەکەنەوە، بەگوێرەی چەند ماڵپەڕی ئیسپانیش ئەگەر کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا جیابێتەوە، لیۆنێل مێسی و 5 ئەستێرەی دیکەی بارسێلۆنا یانەکە بەجێدەهێڵن.
یانەی بارسێلۆنا لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا پشتیوانی خۆی بۆ جیابوونەوەی کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا دووپاتکردەوە و یانە کەتەلۆنییەکە بڵاویکردەوە، پشتیوانی لە مافە دیموکراتیییەکانی گەلی کەتەلۆنیا دەکەن و ئیدانەی توندوتیژییەکانی حکوومەتی ئیسپانیا دەکەن، کە لە دژی کەتەلۆنییە جوداخوازەکان دەگیرێتە بەر.
خاڤیێر تیباسی سەرۆکی ئەنجوومەنی لالیگا چەند رۆژێک پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم دووپاتیکردەوە، ئەگەر کەتەلۆنیا سەربەخۆیی خۆی رابگەیەنێت و لە ئیسپانیا جیابێتەوە، ئەوا بارسێلۆنا و ئیسپانیۆل و گیرۆنا لە لالیگا دەردەکرێن و ناتوانن چیدیکە لە خولی ئیسپانیا بەردەوام بن.

رۆژنامەی دۆن باڵۆنی ئیسپانی
رۆژنامەی دۆن باڵۆنی ئیسپانی
رۆژنامەی گۆڵی ئیسپانی
رۆژنامەی گۆڵی ئیسپانی

رۆژنامەی دۆن بالۆنی ئیسپانیش لە هەواڵێکی تایبەتیدا بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی ئاشکرایکردووە، ئەگەر کەتەلۆنیا سەربەخۆیی خۆی رابگەیەنێت و بارسێلۆنا لە لالیگا نەمێنێت، ئەوا لیۆنێل مێسی لە بارسێلۆنا دەڕوات، چونکە مێسی نایەوێت لە دوایین ساتەکانی ژیانی وەرزشی خۆی لە خولی کەتەلۆنیا بەسەر ببات.
رۆژنامەی گۆڵی ئیسپانی بە گوێرەی سەرچاوەکانی ئاشکرایکردووە، عوسمان دێمبڵی، لویس سوارێز، ئیڤان راکیتیچ، خاڤیێر ماسکیرانۆ و ئاندرێ تێر شتیگنیش بڕیاریان داوە ئەگەر بارسێلۆنا لە لالیگا نەمێنێت، لە بارسێلۆنا بڕۆن.
یاریزان و کەسایەتییە وەرزشییەکانی کەتەلۆنیا سەرەڕای هەموو گوشارەکان سوورن لەسەر ئەوەی رۆژی یەکی ئۆکتۆبەر بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کەتەلۆنیا بدەن، خوان لاپۆرتای سەرۆکی پێشووی یانەی بارسێلۆنا یەکێک لەو کەسانەیە بەشداریی چەند کەرنەڤاڵێکی سەربەخۆیی کەتەلۆنییەکانی کردووە و داوای جیابوونەوە لە ئیسپانیا دەکات.

خوان لاپۆرتا لە کاتی ئامادەبوونی لە کەرنەڤاڵێکی سەربەخۆیی کەتەلۆنیا
خوان لاپۆرتا لە کاتی ئامادەبوونی لە کەرنەڤاڵێکی سەربەخۆیی کەتەلۆنیا

چاڤی هێرناندێزی ناوەڕاستکاری پێشووی بارسێلۆنا کە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا بووە پاڵەوانی مۆندیالی 2010 و یۆرۆی 2008 و 2012 پێداگیری لەسەر جیابوونەوەی کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا دەکات و چاڤی کە ئێستا لە قەتەرە، ئامادەیە رۆژی ریفراندۆم لە پێناوی دەنگدان بۆ سەربەخۆیی کەتەلۆنیا بگەڕێتەوە بارسێلۆنا، تەنانەت چاڤی پێیوایە ئەوان بە سەربەخۆیی دەبنە خاوەنی هەڵبژاردەیەکی تۆپی پێی یەکجار بەهێز و هەڵبژاردەی کەتەلۆنیا دەبێتە یەکێک لە بەهێزترین 10 هەڵبژاردەی جیهان.
جیرارد پیکێ و ئاندرێس ئینیێستا و جۆسێپ گواردیۆلاش کە هەمیشە پشتیانی سەربەخۆیی گەلەکەیان دەکەن، لەم چەند رۆژەی دواییدا لەسەر هاندانی هاونیشتیمانییەکانیان بەردەوامن تاکو یەکەم رۆژی مانگی داهاتوو بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بە سەربەخۆیی کەتەلۆنیا بدەن.

چاڤی هێرناندێز
چاڤی هێرناندێز
جیرارد پیکێ
جیرارد پیکێ