سبه‌ی باشترین یاریزانی 2017 ئاشكرا ده‌كرێت

به‌ گوێره‌ی پێوه‌ره‌كان بێت له‌ ئێستاوه رووخساری باشترین یاریزان ده‌ركه‌وتووه‌

بڕیاره‌ سبه‌ی دووشه‌ممه‌ له‌ کاتژمێر 08:30ـی ئێواره‌ بە کاتی هەولێر لە لەندەن مەراسیمی دەستنیشانکرانی باشترینەکانی جیهان لەسەر ئاستی تۆپی پێ کە بە (زە بێست) ناوزەد دەکرێت، بەڕێوە دەچێت، هەریەکە لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی و نێیمار داسێلڤا رکابەریی لەسەر خەڵاتی باشترین یاریزانی پیاوان دەکەن و کریس چانسی لە رکابەرەکانی زیاترە بۆ ئەوەی بۆ پێنجەم جار ببێتە باشترین جیهان و ریکۆردی مێسی هاوتا بکاتەوە.

3 به‌ربژێری خه‌ڵاتی باشترین یاریزانی جیهان

ـ کریستیانۆ رۆناڵدۆ دوای ئەوەی ساڵی رابردوو یەکەم خەڵاتی زە بێستی لە دوای جیابوونەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان و گۆڤاری فڕانس فووتبۆڵ بەدەستهێنا، ئەمساڵیش بەربژێری سەرەکییە بۆ ئەوەی دووبارە ببێتەوە باشترین یاریزانی جیهان و بۆ پێنجەمین جاریش لەسەر ئاستی جیهان بە باشترین یاریزان دەستنیشان بکرێت، کە پێشتر لە ساڵانی ٢٠٠٨ و ٢٠١٣ و ٢٠١٤ و ٢٠١٦ وەکو باشترین یاریزانی جیهان خەڵات کراوە.

کریس لە مساڵدا ٤٤ گۆڵی کردووە و لەگەڵ ریال مەدرید نازناوەکانی چامپیۆنزلیگ و لالیگا و جامی سوپەری ئیسپانیا و ئەوروپای بەدەستهێناوە.

ـ لیۆنێل مێسی، بەربژێرێکی دیکەیە و پێشتر پێنج جار بە باشترینی یاریزانی جیهان دەستنیشانکراوە و دوو ساڵ پێش ئێستا خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهانی بەدەستهێنا و ساڵی رابردووش لە دوای کریستیانۆ بە دووەم باشترینی جیهان هەڵبژێردرا.

مێسی لە ٢٠١٧ لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکەی ٥٠ گۆڵی کردووە و جامی شای ئیسپانیاشی لەگەڵ بارسێلۆنا بەدەستهێنا، بەڵام سەرەڕای ئاستە بەرزەکەی ئەمدواییەی، بەهۆی کەمی ژمارەی نازناوەکانی ئەستەمە مێسی بۆ شەشەمین جار بە باشترینی جیهان دەستنیشان بکرێت.

ـ نێیمار دا سیلڤا، دووەمجارە لە لیستی کۆتایی سێ بەربژێرەکەی باشترین یاریزانی جیهان بمێنێتەوە و ٢٠١٥ لە دوای کریستیانۆ و مێسی پلەی سێیەمی بەدەستهێنا و ئەمساڵیش بەهۆی ئاستە بەرزەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا و پاریس سانجێرمان یەکێکە لەو سێ بەربژێرەی رکابەری لەسەر خەڵاتی زە بێست دەکەن.

نیمۆ لەم هاوینە بە ٢٢٢ ملیۆن یۆرۆ بووە گرانبەهاترین یاریزان لە مێژووی تۆپی پێ، بەڵام لەسەر نازناوە کەسی و بەکۆمەڵدا، تەنیا جامی شای ئیسپانیای لەمساڵ بەدەستهێناوە.