ڤیدیۆ.. باشترینەکانی مانگی رابردووی خولی نایابی کوردستان دەستنیشانکران

ئەرسەلان جەلال و سەفین مەنسوور و ئاراز مستەفا خەڵاتەکانی ئەم مانگەی کوردستان24یان بەدەستهێنا
kurdistan24.net

کوردستان24 بۆ دووەم مانگ لەسەر یەک باشترینەکانی مانگی رابردووی خولی نایابی کوردستانی دەتسنیشانکرد و هەر سێ باشترینەکەی خەڵاتکرد.
سەفین مەنسووڕی هێرشبەری یانەی برایەتی بە باشترین یاریزانی مانگی نۆڤێمبەری وەرزی 2018/2017ی خولی نایابی کوردستان دەستنیشانکرا، ئەو هێرشبەرەی برایەتی کە بە سەفین پاتۆ ناسراوە، مانگی رابردوو دوو گۆڵی بۆ یانەکەی کرد و دوو گۆڵیشی دروستکرد، رۆلێکی کاریگەریی هەبوو لەوەی یانەکەی تووشی هیچ شکستێک نەبێت، بەرامبەر دهۆک دهۆک گۆڵێکی کرد و گۆڵیشی دروستکرد و خاڵێکی بۆ یانەکەی بەدەستهێنا، لە پیرمامیش بە گۆڵێک و ئەسیستێک سەرکردایەتی هاوڕێیەکانی کرد و بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە پیشمەرگەی هەولێریان بردەوە.

ئەرسەلان جەلالی راهێنەری پێشمەرگەی سلێمانی دوای ئەو ئەنجامە باشانەی لەگەڵ یانەکەی لەم وەرزە بەدەستیهێناون، دەنگی تەواوی لێژنەی هەڵسەنگاندنی کوردستان24ی بەدەستهێنا و بە باشترین راهێنەری مانگی رابردووی خولەکە دیاریکرا، پێشمەرگەی سلێمانی کە بووەتە سوپرایزی ئەم وەرزە، لە کۆی چوار یاریی مانگەکە بە سەرکردایەتی ئەرسەلان جەلال سێ بردنەوە و بەرامبەربوونێکی بەدەستهێنا، بە بەدەستهێنانی دە خاڵ تیپەکەی ئەرسەلان خەلال پێشەنگی خولەکەی گرتە دەست، لەکاتێکدا تازە یانەکە لە ریزی یانە پلە یەکەکان بۆ ریزی یانە نایابەکان گەڕاوەتەوە.

ئاراز موستەفای بەرگریکاری یانەی نەورۆزیش خەڵاتی جوانترین گۆڵی مانگی نۆڤێمبەری خولی نایابی کوردستان بەدەستهێنا، لە گەڕی شەشەمی خولەکە لە یاریی نێوان ئاکرێ و نەورۆز کە یارییەکە لە شەقڵاوە بەڕێوەچوو، وەکو پیشەی هەمیشەیی خۆی و بە چەکە ناسراوەکەی، بە لێدانێکی راستەوخۆ گۆڵێکی سەرنجڕاکێشی کرد و خەڵاتی جوانترین گۆڵی مانگی بردەوە.

لە پڕۆژەیەکی نوێی کوردستان24دا کە یەکەمجارە لە سەر ئاستی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بکرێت، مانگانە باشترینەکانی خولی نایابی کوردستان دەستنیشان دەکرێن و خەڵات دەکرێن.

باشترینەکانی مانگی رابردووی خولی نایابی کوردستان
باشترینەکانی مانگی رابردووی خولی نایابی کوردستان