سێرخیۆ رامۆس ریکۆردێکی دیکەی لە وەرگرتنی کارتە رەنگاوڕەنگەکان تۆمارکرد

بووە خاوەنی زۆرترین کارتی زەرد لە مێژووی چامپیۆنزلیگ

سێرخیۆ رامۆس لە وەرگرتنی کارتە رەنگا و رەنگەکان لەسەر شکاندنی ریکۆردەکان بەردەوامە و لە نوێترین ریکۆرددا بووە خاوەنی زۆرترین کارتی زەرد لە مێژووی چامپیۆنزلیگ.

سێرخیۆ رامۆس لە یاریی بەرامبەر رۆما لە یەکەم گەڕی چامپیۆنزلیگدا لە خولەکی 23 کارتی زەردی بەڕوودا بەرزکرایەوە، بەمەش بووە خاوەنی 37 کارتی زەرد لە مێژووی چامپیۆنزلیگ و تاکو ئێستا هیچ یاریزانێک ئەوەندە کارتی زەردی لە خولەکە وەرنەگرتووە و پێشتر ئەم ریکۆردە بەناوی پۆل سکۆڵزی ناوەڕاستکاری پێشووی مانچێستەر یونایتد بوو، خاوەنی 36 کارتی زەرد بوو لە خولەکە.

ئەمە یەکەمجار نییە رامۆس لە رووی وەرگرتنی کارتی رەنگاوڕەنگەوە ریکۆرد بشکێنێت، پێشتریش لە لالیگا ریکۆردی لە وەرگرتنی زۆرترین کارتی سوور لە مێژووی خولەکە شکاندووە و ریکۆردەکە بەناوی خۆیەتی و 19 جار بە کارتی سوور کراوەتە دەرەوە، لەسەر ئاستی یانەی ریال مەدریدیش بەهەمان شێوە هیچ یاریزانێک نییە کارتی سووری لە رامۆس زیاتر پێدرابێت.

سێرخیۆ رامۆس لەسەر هەڵبژاردەی ئیسپانیاش لە وەرگرتنی کارتە رەنگاوڕەنگەکان کەس نییە شان لە شانی بدات و خاوەنی زۆرترین کارتە، لەسەر ئاستی یارییەکانی کلاسیکۆ لە نێوان ریال مەدرید و بارسێلۆناش هیچ یاریزانێک نییە ئەوەندەی بەرگریکارەکەی ریال مەدرید لەلایەن ناوبژیوانانەوە بە کارتە رەنگاوڕەنگەکان ئاگادار کرابێتەوە.

لە مێژوودا تەنیا دوو یاریزان کارتی سووریان لە رامۆس زیاتر پێدراوە، رامۆس 24 کارتی سووری لە کاروانی وەرزشی خۆی پێدراوە، جیراردۆ بێدۆیا خاوەنی زۆرترین کارتی سوورە لە مێژووی تۆپی پێدا و لە ماوەی کارکردنی 46 کارتی سووری پێدراوە.