بەڤیدیۆ.. جوانترین 3 گۆڵی جیهان

ئەمشەو خەڵاتی پوشکاش بە جوانترین گۆڵی 2017 دەدرێت
kurdistan24.net

K24- هەولێر

فیفا بۆ نۆیەم ساڵ لەسەر یەک جوانترین گۆڵی ساڵ دەستنیشان دەکات و ئەم گۆڵەی ئۆلیڤەر جیرۆی هێرشبەری فڕەنسی یانەی ئارسێناڵی ئینگلیزی کە لە یەکەم رۆژی ئەمساڵ لە پرێمەرلیگ بەرامبەر کریستال پاڵاس تۆماریکرد، یەکێکە لە سێ بەربژێرەکەی خەڵاتی جوانترین گۆڵی 2017.
پێنج یاریزانی دیکەی ئارسێناڵ بەشدارییان لە گۆڵەکەی جیرۆ کرد و ئەم هێرشبەرە فڕەنسییە بە ستایلی دووپشک تۆڕی گۆڵی کریستال پاڵاسی هەژاند و گۆڵە نایابەکەی گەنەرز بە لۆکاس پێرێز دەستیپێکرد و لە ئەنجامی هێرشێکی پێچەوانە جیرۆ گۆڵەکەی تۆمارکرد.

لە خولی یانەکانی باشووری ئەفریکا لە یاریی نێوان بارۆکا و ئۆرلاندۆ پیراتتیسدا، ئۆسکارینی ماسولوکی گۆڵپارێزی بارۆکا لە دوایین خولەکی یارییەکە بە ستایلی بیسکل کیک گۆڵی بەرامبەربوونی بۆ یانەکەی کرد و پێچەوانەی پیشەکەی، بەهانای یانەکەیەوە هات و ئەم گۆڵەش یەکێکە لە بەربژێرەکانی خەڵاتی جوانترین گۆڵی 2017.

ئەم گۆڵەی دینا کاستیلانۆسی خانمە یاریزانی هەڵبژاردەی ڤێنزوێلا لە مۆندیالی خوار 17 ساڵانی خانمان لە ئوردن به‌ربژێرێكی دیكه‌یه‌ كه‌ دینا لە ناوەڕاستی یاریگاوە گۆڵێکی سەرنجڕاکێش و دەگمەنی بەرامبەر کامیڕۆن تۆمارکرد و لە کاتی زیادکراودا سەرکەوتنی بۆ هەڵبژاردەکەی بەدەستهێنا و ئەم گۆڵەی کاستیلانۆس کە بە جوانترین گۆڵی پاڵەوانێتییەکەش دەستنیشانکرا، بەربژێرە بۆ ئەوەی بە جوانترین گۆڵی ساڵ هەڵبژێردرێت، هەموو کەسێک دەیتوانی بە ئۆنلاین لە رێگەی ماڵپەڕی فیفاوە دەنگ بۆ جوانترین گۆڵ بدات.