نهێنییه‌كانی ژیانی ئه‌و سه‌رۆكه شۆخ و شه‌نگه‌ی سه‌رنجی جیهانی راكێشا
كۆلیندا گرابار كیتارۆفیچ، سه‌رۆكی كرواتیا، بووه یه‌كێك له ئه‌ستیره‌كانی جامی جیهانی 2018ـی رووسیا، چونكه رۆڵێكی گه‌وره‌ی له هاندان و پاڵپشتی هه‌ڵبژارده‌ی وڵاته‌كه‌ی هه‌بوو و بۆ یه‌كه‌مجار له میژوودا ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌یان به‌ده‌ستهێنا و گه‌یشتنه یاریی كۆتایی و بوونه دووه‌می جیهان.
هانده‌رانی سه‌رانسه‌ری جیهان و ته‌نانه‌ت ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسایش ئه‌و شایه‌تییه‌یان بۆ داوه كه كۆلیندا رۆڵێكی گه‌وره‌ی له پاڵپشتیكردنی هه‌ڵبژارده‌ی كرواتیا بینیووه.
ئه‌و خانمه شۆخ و شه‌نگه له كاتی به‌رێوه‌چوونی یارییه‌كاندا به‌هێزه‌وه ئاماده ده‌بوو و هانی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی ده‌دا و كاتێك به‌هۆی لیدانی یه‌كلاكه‌ره‌وه له هه‌ڵبژارده‌ی رووسیایان برده‌وه، چووه ژووری خۆگۆڕینی یاریزانه‌كانیشه‌وه.
له یه‌كی حوزه‌یرانه‌وه كیتارۆفیچ بووه جێگای سه‌رنجی به‌كارهێنه‌رانی ئینته‌رنێت و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، چونكه كاتێك چوو بوو بۆ سوچی رووسیا تا هه‌ڵبژارده‌ی وڵاته‌كه‌ی ببینێت، له كورسییه ئیكۆنۆمییه‌كانی فڕۆكه‌كه شوینی گرتبوو، وێنه‌كانیشی له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاوكرده‌وه.
به‌ڵام كۆلیندا كیتارۆفیچ كێیه؟
پرسیاری زۆر له‌سه‌ر ناسنامه‌ی ئه‌و خانمه ده‌م به خه‌نده‌یه كراوه و زۆرێك به هۆكاری سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژارده‌ی كرواتیای ده‌ناسێنن، چونكه له رووی مه‌عنه‌وییه‌وه پاڵپشتییه‌كی گه‌وره بوو بۆیان.
كۆلیندا له په‌نجاكانی ته‌مه‌نیدایه، له 29/4/1968 له خێزانێكی خاوه‌ن دووكانی سه‌ربڕخانه و كێڵگه‌ی كشتوكاڵی له دایكبووه.
هێشتا زۆر چالاك و گه‌نجانه ده‌رده‌كه‌وێت و كاتێك له یاریگاكان هانی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی ده‌دا، وه‌ك گه‌نجێكی تازه پێگه‌یشتوو ده‌رده‌كه‌وت.
كۆلیندا قوتابییه‌كی زیره‌ك بووه له وانه‌كانیدا و له ته‌مه‌نی 17 ساڵیدا بۆ پرۆگرامی "گۆڕینه‌وه‌ی قوتابیان" ده‌ستنیشان كراوه‌و نێردراوه بۆ لۆس ئالامۆس له نیو مه‌كسیكۆ و ساڵی 1986 ئاماده‌یی له قوتابخانه‌ی لۆس ئالامۆس ته‌واوكرووه.
له زاگریب و ڤییه‌ننا و واشنتن و هارڤارد خوێندوویه‌تی، پێش ئه‌وه‌ی له وڵاته‌كه‌ی خۆی پێش 3 ساڵ بڕوانامه‌ی دكتۆرا به‌ده‌ستبهێنێت.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له گوندێكی كرواتیا له دایكبووه، به‌ڵام به‌شێكی ته‌مه‌نی منداڵی له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌سه‌ربردووه.
كۆلیندا جگه له زمانی كرواتی، ئینگلیزی و ئیسپانی و پۆرتوگالی ده‌زانێت و به ئاستێكی باشیش له ئه‌ڵمانی و فه‌ڕه‌نسی و ئیتالی تێده‌گات.
مانگی شوبات / فێبرایه‌ری 2015 بووه چواره‌م سه‌رۆكی كرواتیا و یه‌كه‌م ئافره‌ته پاش سه‌ربه‌خۆبوونی كرواتیا له ساڵی 1991 بووه به‌سه‌رۆكی وڵات.
ساڵی 1996 هاوسه‌رگیریی له‌گه‌ڵ جاكۆڤ كیتارۆڤیچ كردووه‌و دوو منداڵیشی هه‌یه به‌ناوه‌كانی كاترینا ته‌مه‌ن 17 ساڵان و لوكا ته‌مه‌ن 15 ساڵان.
كیتارۆڤیچ له رێگه‌ی پارتی دیموكراتی كرواتیا و له خولی دووه‌می هه‌ڵبژاردندا له 11/1/2015 به رێژه‌ی 50.74%ـی ده‌نگه‌كان بوو به سه‌رۆكی وڵات، پاش ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر سه‌رۆكی پێشوو، ئیڤۆ یوسیپۆڤیچ له پارتی سۆسیالیستی دیموكراتیدا سه‌ركه‌وت كه 49.26% ده‌نگه‌كانی هێنابوو.
كاتێكیش سه‌ركه‌وت به ده‌نگی به‌رز هاواری كرد: "ئیتر شوێنی كوتله‌بازی و لایه‌نگیریی نه‌ما، كرواتیا ده‌كه‌ینه ده‌وڵه‌تێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و گه‌شه‌سه‌ندوو و یه‌كێك له وڵاته هه‌ره پێشكه‌وتووه‌كانی یه‌كێتی ئه‌وروپا و جیهان".
هه‌روه‌ها گووتی: "ناتوانم سوێندبخۆم و پێچه‌وانه‌كه‌ی بكه‌م، من به‌دوای رێگایه‌كدا ده‌گه‌رێم تا وڵات یه‌كبخات و گه‌شه به ئابووری بكات و سه‌رجه‌م كێشه و گرفته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین. بۆیه هه‌مووتان بانگهێشت ده‌كه‌م وه‌رن پێكه‌وه له‌پێناو گه‌شه‌سه‌ندنی كرواتیا كار بكه‌ین".
پێش ئه‌وه‌ی شكستبهێنێ، سه‌رۆكی پێشوو كه‌سایه‌تییه‌كی خاوه‌ن هه‌ژموون و جه‌ماوه‌ر بوو له وڵات‌دا، به‌ڵام به‌هۆی خراپی ره‌وشی ئابووری كرواتیا ئه‌و پێگه‌یه‌ی له ده‌ستدا.
كیتارۆڤیچ زمانی ئینگلیزی و ئیسپانی له زانكۆی زاگریب خوێندووه، پاشان په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی له ڤییه‌ننا و ئه‌مه‌ریكا خوێند و توانی ساڵی 2000 ماسته‌ر و دكتۆرا له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی" له زانكۆی زاگریب ته‌واو بكات.
كۆلیندا ئه‌مه‌ریكا به وڵاتی منداڵی خۆی هه‌ژمار ده‌كات، چونكه منداڵی و هه‌رزه‌كاریی له‌وێ بووه، پاشانیش بۆ خوێندنی باڵا گه‌ڕاوه‌ته‌وه زانكۆكانی جۆرج واشنتن و هارڤارد و جۆن هۆپكینز.
دواتر له بواری دیپلۆماسی كاریكردووه و له 23/11/2003 هه‌ڵبژێردراوه بۆ ئه‌ندامی په‌رله‌مان له‌سه‌ر لیستی پارتی دیموكراتی كرواتیا.
ساڵی 2003 كراوه‌ته وه‌زیر بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كانی به ئه‌ندامبوونی ئه‌وروپا ته‌واو بكات. ئه‌وكاته وه‌زیر بووه له كابینه‌كه‌ی ئیڤۆ سانده‌ر كه له ساڵی 2003 تا 2009 سه‌رۆكوه‌زیران بووه.
كیتارۆڤیچ به‌رپرسی دۆسێی په‌یوه‌ستكردنی كرواتیا بووه به یه‌كێتی ئه‌وروپاوه. دوای دوو ساڵ له دامه‌زراندنی كراوه‌ته وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كرواتیا، جگه له‌وه‌ی پۆستی وه‌زیری كاروباری ئه‌وروپای هه‌بووه و هه‌ردوو وه‌زاره‌ته‌كه‌یشی كردووه به یه‌ك.
ساڵی 2008 كۆلیندا كراوه‌ته باڵیۆزی كرواتیا له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا پێش ئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی ببێته ئه‌ندامی هاوپه‌یمانێتی باكووری ئه‌تڵه‌سی "ناتۆ" له ساڵی 2011 دا. یه‌كه‌م ئافره‌تیش بووه كراوه‌ته جێگری ئه‌مینداری گشتی و به‌رپرسی راگه‌یاندنی ناتۆ.