كوردستان 24 ناوه‌ڕۆكی نامه‌یه‌كی نێچیرڤان بارزانی بۆ عادل عه‌بدولمه‌هدی ئاشكرا ده‌كات

تایبه‌ته‌ به‌ شایسته‌ داراییه‌كانی كه‌س و كاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و زیندانیانی سیاسی
author_image هێمن حسێن
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

كوردستان24 ناوه‌ڕۆكی نامه‌یه‌كی نێچیرڤان بارزانی بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئاشكرا ده‌كات، كه‌تیایدا داوای پێدانی ماف و ئیمتیازاته‌كانی كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و زیندانیانی سیاسی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، هاوشێوه‌ی شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق، به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش ئه‌و پرسه‌ ئێستا له‌ چاوه‌ڕوانی رێككه‌وتنی سیاسی و په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی گشتی عێراقدایه‌.

ئه‌و زانیاریانه‌ی به‌ ده‌ست كوردستان 24 گه‌یشتوون، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن، كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراق له‌ هه‌وڵی هاوتاكردن و دابینكردنی بودجه‌ و موچه‌ی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و زیندانیانی سیاسی هه‌رێمی كوردستانن له‌گه‌ڵ شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق.

له‌ لێدوانێكی تایبه‌تیشدا بۆ كوردستان 24، به‌ڕه‌ڤان حه‌مدی، بریكاری وه‌زاره‌تی كاوباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان ناوه‌ڕۆكی نامه‌یه‌كی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئاشكرا ده‌كات، كه‌ داوای پێدانی مافه‌كانی كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و زیندانیانی سیاسی له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كردووه‌.

به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ش كه‌ ده‌ست كوردستان 24 كه‌وتوون، هه‌وڵدراوه‌ له‌ بودجه‌ی گشتی عێراقدا پشكی كه‌سوكاری شه‌هیدان، ئه‌نفالكراوان و زیندانیانی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان دیاری بكرێت و مانگانه‌ موچه‌كانیان هاوشێوه‌ی موچه‌ی شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی عێراقی لێ بكرێت.

له‌مباره‌شه‌وه‌ كازم سه‌یادی، په‌رله‌مانتاری ده‌وڵه‌تی یاسا له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێت: "پێویسته‌ سه‌رجه‌م شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی هه‌رێمی كوردستان و عێراق هه‌مان ماف و تایبه‌تمه‌ندیان هه‌بێت".

ئێستا پرسی بودجه‌ و هاوتاكردنی مووچه‌ی كه‌س و كاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و زیندانیانی سیاسی هه‌رێمی كوردستان به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌رێككه‌وتنی سیاسی و په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی گشتی عێراقه‌وه‌، بۆیه‌ تا ئێستا هیچ بریارێك له‌وباره‌یه‌وه‌ نه‌دراوه‌ و له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆكان ماوه‌ته‌وه‌.

H.B