هه‌واڵگریی رووسیا چاودێریی كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له سووریا ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:
سێرگی ناریشكین، سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگریی رووسیا رایگه‌یاند: "رووسیا به چڕی چاودێریی جێبه‌جێكردنی بریاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا ده‌كات كه له‌لایه‌ن دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ده‌ركراوه".
ناریشكین به ئاژانسی هه‌واڵی نۆڤۆستی رووسی گوتووه: "ئێمه به چڕی چاودێریی ئه‌و بڕیاره‌ی لایه‌نی ئه‌مه‌ریكی ده‌كه‌ین، چونكه بوونی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا نایاساییه و پێشێلكردنی یاساكانی نێوده‌وڵه‌تییه و ده‌مانه‌وێت ببینین تا چه‌ند بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا به خێرایی جێبه‌جێ ده‌كرێت".

ئه‌و قسانه‌ی سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگریی رووسیا له كاتێكدایه، له رۆژی 19/12/2018 وه دۆناڵد تره‌مپ بریاریداوه ھێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له سووریا بكشێنه‌وه كه نزیكه‌ی 2 هه‌زار سه‌رباز و راوێژكاری سه‌ربازی ده‌بن.
هه‌روه‌ها له‌م دواییانه‌شدا تره‌مپ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردبوو كه هیچ خشته‌یه‌كی بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا دیاری نه‌كراوه. كشانه‌وه‌ش به واتای ئه‌وه نییه هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش كۆتایی هاتبێت.